Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: نزیکەی 500 منداڵی ڕفێنراومان گەڕاندووەتەوە ماڵەوە

مۆرا نامدار، جێگری کونسوڵی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یارمەتی گەڕاندنەوەی نزیکەی 500 منداڵی داوە کە لەلایەن یەکێک لە دایک یان باوکەکانەوە ڕفێنراون.

خاتوو نامدار ڕۆژی یەکشەممە 13ی مانگی نۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی یارمەتیدانی گەڕانەوەی منداڵانی ئەمەریکایی بە پارێزراوی کە لەلایەن دایک یان باوکیانەوە ڕفێنراون، یەکێکە لە ئەولەویەتە سەرەکییەکانی حکومەتی ئەمەریکا.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە تیشک خستنە سەر ڕۆڵی ستافی کونسوڵگەری ئەمەریکا و هاوکارییەکانی وڵاتانی دیکە، یۆنانی وەک هاوبەشێک ناو بردووە کە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی منداڵانی ئەمەریکایی کردووە لە ڕێگەی هەنگاوی دادوەری خێرا و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دادگا.

نامدار کە بەرپرسیارە لە کاروباری کونسوڵگەری ڕایگەیاندووە، بە سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ و وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیو، وەزارەتەکە یارمەتی داوە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی نزیکەی 500 منداڵی ڕفێنراو تا ئێستا.

خاتوو نامدار جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەیسانە و حکومەتە بیانییەکان بەپێی هەردوو یاسای ئەمەریکا و نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکات.

ڕفاندنی نێودەوڵەتی منداڵ لەلایەن دایک یان باوکەوە ئاماژەیە بۆ ئەو حاڵەتانەی کە منداڵێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی خۆی دوور دەخرێتەوە بۆ وڵاتێکی تر، ئەمەش بەبێ ڕەزامەندی سەرپەڕشتی یاسایی منداڵەکە کە دەشێت دایکی یان باوکی یان هەر کەسێکی دیکە بێت. نووسینگەی پرسی منداڵان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکردایەتی هەوڵەکانی حکومەت دەکات بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە ڕفاندنانە و هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی ئەم کەیسانە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG