Accessibility links

عێراق لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ ئێران دەکات لەسەر پاشماوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئاڕاستەی سعودیە کران

حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاشماوەی ئەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانانەی ئاراستەی سعودیە کراون، لە پارێزگای میسان لە نزیک سنووری ئێران و عێراق دۆزراونەتەوە.

پێشتریش حکومەتی عێراق هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر سعودیە لە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە لە پارێزگای میسان پشتڕاستکردبووەوە.

میدیا عێراقییەکان ڕۆژی شەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویان کردەوە کە دەسەڵاتە ئەمنییە کارامەکان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی شەممەوە بە کاتی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان ئەنجام دا بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لە پارێزگای میسانەوە بەرەو سعودیە هەڵداوە.

نووسینگەی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەنی دەربڕیوە لەسەر داواکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەسەر سنووری ئێران و عێراق.

سەباح نۆمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سەرۆکوەزیران عەلی ئەلزەیدی، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر داوای ئێران بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە شوێنی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە نزیک سنووری نێوان هەردوو وڵات دۆزراونەتەوە.

دوابەدوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر سعودیە، حکومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێکی گرتەبەر، لەوانە دەرکردنی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان و داخستنی سنوور لە سێ دەروازە، شەلەمچە لە پارێزگای بەسرە، شەیب لە پارێزگای میسان و مەندەلی لە پارێزگای دیالە.

حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە مەبەست لە داخستنی ئەو دەروازە گرنگانە لەسەر سنوور لەگەڵ ئێران، ڕێگریکردنە لە هەڵاتنی ئەنجامدەرانی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر سعودیە بۆ کۆماری ئیسلامی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی سی بی ئێس و ئاژانسی فرانس پرێس، بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی سعودیە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە بەشێک لە بۆریی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا لە ناوچەی ڕیاز و مەدینە بە چەند هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج.

This item is part of
XS
SM
MD
LG