دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، پێدەچێت ئێران بەرپرسیار بێت لە هێرش بۆ سەر عەرەبستانی سعودیە کە هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای داخست، کە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی سعودییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بەبێ ئەوەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێران لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ دبلن کە ئایا ئێران بەرپرسیارە لە هێرشکردنە سەر بۆرییە نەوتییە گرنگەکە، سەرۆک ترامپ وتی: "پێموایە وا؛ پێدەچێت ئەوان بەرپرسیار بن."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند، قسەی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە کردووە سەبارەت بە هێرشەکان و بە “دۆستێکی باش” وەسفی کرد.
شەوی هەینی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بۆریی نەوتی ستراتیژیی ناسراو بە (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە هەردوو پارێزگای ڕیاز و مەدینە، لە ڕێگەی چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند، لەسەر داوای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریان داوە لەم قۆناغەدا وەڵامی سەربازی نەدەنەوە تاوەکو دەرفەت بدەنە بەغدا رێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە هێرش و پەلامارەکان بگرێتەبەر.