دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت سەرەڕای لێکەوتەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی کۆنگرێس کە بە میدتێرم ناسراون، پەشیمان نییە لە چوونە شەڕ لەگەڵ ئێران.
سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز کە ڕۆژی پێنجشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند باوەڕی بە وشەی "پەشیمانی" نییە و ئەگەر جارێکی دیکە لە هەمان دۆخدا بوایە، ئەوا هەمان بڕیار دەدات.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن بەشێک لە لایەنگرانی ناڕازیبوون و بێهیوا بوون لە شەڕەکە و پێی وایە لایەنگرانی دڵخۆشن بەوەی ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
ترامپ دووپاتی کردەوە کە پێشبینی دەکات دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی خولی ناوین، شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ بێت. ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تاران هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر ئەو هەڵبژاردنە دروست بکات کە چارەنووسی کۆنترۆڵی کۆمارییەکان بەسەر کۆنگرێسدا دیاری دەکات.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە دوای شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووەتە پرسێکی سەرەکی بۆ کۆمارییەکان لە پێش هەڵبژاردنەکانی میدتێرم.