سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەڕێوبەرایەتی ترامپ لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، ڕۆژی دووشەممە سزا دەخاتە سەر بانکێکی گەورە لە پەیوەند بە تارانەوە.
بەسێنت ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند بۆ ئێستا ناوی ئەو بانکە یان ئەو وڵاتەی بانکەکەی لێیە، ڕاناگەیەنێت، بەڵام وتی ئەم هەنگاوە لە سەرەتادا بڕیار بووە ڕۆژی هەینی ئەنجام بدرێت،بەڵام بەهۆی یادی 25 ساڵەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە بۆ ڕۆژی دووشەممە دواخراوە.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا وتی "واشنتن بەردەوام دەبێت لە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران تا ئەو کاتەی وڵاتان و کۆمپانیاکان واز لە بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێنن. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی ئەو کۆمپانیایانە کە بەردەوامن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سزاکانی ئەمەریکا لەسەر هەیە.
بەسێنت هەروەها وتی بەڕێوبەرایەتی ترامپ لە مانگی ڕابردوودا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"، سزاکانی سەر نزیکەی 60 کەس و قەوارە و کەشتیی پەیوەست بە ئێران زیاد کردووە و مەودای سزا لاوەکییەکانی سەر ئەو کۆمپانیایانە فراوانتر کردووە کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن.