فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕۆژی چوارشەممە،9ی مانگی نۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئیکس ڕایگەیاند بانگەشەکانی سوپای پاسداران کە دەڵێت دوو کەشتی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتە ئامانج، بەتەواوی درۆیە.
لە پۆستەکەدا سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایی نەکراوەتە ئامانج و هەموو هەوڵەکانی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا شکستی هێناوە.
فەرماندەییەکە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە هێزەکانی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 10 نەوتهەڵگری ئێرانیان لەناوبردووە؛ سێنتکۆم دەڵێت نەوتهەڵگرەکان بەشێکن لە تۆڕێکی چەند ملیار دۆلاری کە بە "تۆڕی سێبەر" ناسراوە و پارەی بۆ سوپای پاسدارن دابین کردووە.
سێنتکۆم لە درێژەی پۆستەکەیدا نووسیویەتی ئێران ناتوانێت نەوتهەڵگرەکانی بپارێزێت.