Accessibility links

ئەندامێکی کۆنگرێس دەڵێت ئێران ئیفلیج بووە

چیپ رۆی، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی تەکساس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، دەڵێت بەردەوامی فشاری سەربازی و ئابووری بۆ سەر ئێران سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکایی لەمەودایەکی دووردا سوودی بۆ واشنتن دەبێت.

چیپ بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند "ئێران زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، لە ڕووی ئابووریشەوە زیانیان پێگەیشتووە."

هەروەها باسی لەوەشکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێستا تەنها بەشێکی کەم لە بڕی ئاسایی نەوتەکەی هەناردە دەکات و ئیفلیج بووە.

رۆی ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانجەکانی واشنتن دەبێت سێ شت بن: ڕێگەگرتن لە کۆماری ئیسلامی لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، سنووردارکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکانی، و لاوازکردنی توانا سەربازییەکان و داهاتی نەوت.

ئەم لێدوانەی رۆی هاوتایە لەگەڵ بۆچوونی سەرەکی حکومەتی ئەمەریکا.

سکات بێسینتی وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا باسی لەوەکردووە کە واشنتن ئۆپەراسیۆنێکی فشاری ئابووری لە دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدات و ئەمەی بە گەورەترین هەوڵ بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووری وڵاتێک لە مێژوودا ناودەبات.

بەسێنت ئەوەشی وتوە کە "ئێمە ئەم ڕژێمە دەخنکێنین." گوتیشی لەوانەیە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەموو هەفتەیەک خولێکی نوێی سزای دووەمی ڕابگەیەنێت کە سەرەتا بانکەکان دەکاتە ئامانج.

کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەدا لە کەناڵی ئەی بی سی گوتی گەمارۆدانی دەریایی بەندەرەکانی ئێران "یان حکومەتەکەیان دەگۆڕێت یان سیاسەتی حکومەتەکەیان دەگۆڕێت."

رۆی لە چاوپێکەوتنەکەی کەناڵی فۆکس نیوزدا وتی "زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا بەشێکە لە گۆڕینی هاوسەنگی جیۆپۆلەتیکی لە دژی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا."

ئاماژەی بەوەشکرد کە بە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستکردنی ڕێگایەک کە پشت بەستن بە گەرووی هورمز کەم بکاتەوە، واشنتن دەتوانێت کاریگەریی تاران لەسەر بازاڕی وزە سنووردار بکات.

لەلای خۆشیەوە بەسێنت وتی کە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی لە کەنداوی فارس خەریکی دروستکردنی هێڵی بۆڕی گواستنەوەن و لە ماوەی دوو ساڵدا بەشێکی زۆری نەوتی ناوچەکە لە ڕێگەی وشکانییەوە دەگوازرێنەوە.

ئەنوەر قرقاشی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی توانای بەندەرەکانی ڕۆژهەڵات و بۆری و هێڵی شەمەندەفەری بۆ رێڕەوی جێگرەوە فراوان کردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG