کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکە لە ئەرکەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و وتی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران ڕەنگە ببێتە هۆی "گۆڕانکاری حکومەت یان گۆڕینی سیاسەتەکەی."
ڕایت ڕۆژی یەکشەممە،6ی مانگی نۆ لە بەرنامەی "ئەم هەفتەیە"ی کەناڵی ئەی بی سی وتی "ئەرکی هێزی دەریایی ئەمەریکا تەنیا یاوەریکردن و چاودێریکردنی کەشتیەکان بۆ تێپەڕبوونیان نییە، بەڵکو ڕێگریکردنیشە لە هەناردەکردنی نەوت و کاڵاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی."
ڕایت بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم هەنگاوە "زۆر گرنگە" بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر حکوومەتی ئێران، وتی ئەو جۆرە گوشارانە "یان حکومەت یان سیاسەتەکانی حکومەت دەگۆڕێت."
وەزیری وزەی ئەمەریکا هەروەها وتی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی هێشتا بە دڵنیاییەوە لە ململانێدان و ئەمەریکا گوشارەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران زیاد دەکات بە مەبەستی پەکخستنی تواناکانی ئێران لە تێکدانی ناوچەکە و بازرگانی جیهانی.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ڕایت وتی دڵنیا نییە لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و وتیشی ئەگەری هەیە بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتن نەکرێت.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە چۆنیەتی پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی لە نەبوونی ڕێککەوتندا، وتی "ئەمریکا دەبێ تواناکانیان بۆ ئەو کارە لە ناو ببات."
ڕایت هەروەها بە دووری نەزانی کە بتوانرێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی داهاتوو لە ئێران بکرێت و ڕایگەیاند ئەمەریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
وەزیری وزەی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند بڕی ئەو نەوتەی کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت، ئێستا کەمێک زیاترە لە 9 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بە وتەی ناوبراو بەو نەوتەی کە لە ڕێگەی بۆریی بەدیلەوە لە سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەگوازرێتەوە، کۆی گشتی ڕۆیشتنی نەوت لە ناوچەکە دەگاتە نزیکەی 13 بۆ 14 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
وەزیری وزەی ئەمەریکا: گوشارەکان لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران دەتوانێت حکومەت یان سیاسەتەکانی بگۆڕێت