Accessibility links

نێردراوانی سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتنە ئۆکرانیا

ستیڤ ویتکاف و جەرێد کۆشنەر نێردراوانی سەرۆکی ئەمەریکا گەیشتنە ئۆکرانیا. گەشتی نێردراوان دوای دیدارێکی سێ کاتژمێریان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا دێت لە مۆسکۆ کە ئامانج لێی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا بە هێرشی ئاسمانی بە ئەنقەست بۆ سەر ئاسمانی وڵاتەکە، ڕێگریان لە گەشتە ئاسمانییەکانی شاندی ئەمەریکا کردووە بۆ ئۆکرانیا.

ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە کیێڤ لەگەڵ ستیڤ ویتکاف و جەرێد کۆشنەر، نێردراوانی تایبەتی ئەمەریکا وتی "ڕووسەکان ڕێگەیان نەدا شاندی ئەمەریکا بە رێگەی ئاسمانی بێنە وڵاتەکەوە. هەرچەندە فڕۆکەخانەکانمان ئامادە بوون."

ڕووسیا ئێوارەی ڕۆژی شەممە هێرشێکی بەرفراوانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کیێڤ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بۆریسپیل کرد.

زێلێنسکی ئەو هێرشانەی بە هێرشی نمایشی ناوبرد کە وەڵامێکی ڕوون بوون بۆ ئامادەکارییەکانی ئۆکرانیا بۆ پێشوازیکردن لە نێردراوانی ئەمەریکا.

بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، شاندەکەی ئەمەریکا ناچاربوو بە ڕێگەی ئاسمانی سەردانی وڵاتەکە نەکات، بەڵکو بە پابەند بوون بە پرۆتۆکۆڵەکان بە ڕێگەی شەمەندەفەر گەیشتنە کیێڤ.

نێردراوانی ئەمەریکا ڕێک ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی زیاتر لە سێ کاتژمێر دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کۆبوونەتەوە.

دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا فڕۆکەخانەکانیان بۆردومان کرد، زێڵێنسکی ڕایگەیاند ئۆکرانیا بەم زووانە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئاسمانی ڕووسیا ڕێکدەخات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی پەرەسەندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دوور مەودا.

هەرچەندە دواتر پوتن فەرمانی ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کیێڤی بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دەرکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانە دیپلۆماسییەکەدا، بەڵام هێرشە سەرەتاییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان ئامادەکارییەکانی فڕینی تیمە ئەمەریکاییەکەی پەکخست.

This item is part of
XS
SM
MD
LG