Accessibility links

ئۆکرانیا و ڕووسیا لەبەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی کاتی هێرشەکانیان ڕاگرت

ڤلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کیێڤ ئامادەیە بە شێوەیەکی کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر مۆسکۆ بوەستێنێت و چاوەڕوانە ڕووسیاش لە هەمان ماوەدا هێرش بۆ سەر کیێڤ نەکات.

زێلێنسکی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لەم دواییانە لەگەڵ ستیڤ ویتکاف و جارێد کوشنەر، نێردراوانی سەرۆکی ئەمەریکا، گفتوگۆی کردووە و ئەوانیش دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ڕووسی کردووە.

بە گوێرەی زێلێنسکی، لە دوای ئەو گفتوگۆیەوە، ئۆکراینا ئامادەیە ئاگربەستێک لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئەو شارانە ڕەچاو بکات کە پەیوەندییان بە پرۆسەی گفتوگۆکانەوە هەیە.

سەرۆکی ئۆکراین وتی بەرنامەی گفتوگۆکانی ڕۆژی یەکشەممە لە کیێڤ، بە بەشداری شاندی ئەمەریکا، کۆتایی پێهاتووە و ئۆکراینا ئامادەی "گفتوگۆیەکی ناوەڕۆکدار" لەگەڵ ویتکاف و کوشنەرە.

زێلێنسکی هەروەها وتی، لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتی وەزیری بەرگری و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینی لەبارەی دۆخی بەرەکانی جەنگ، هەڕەشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئۆکراینا و ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی هێزەکانی ئەو وڵاتە وەرگرتووە.

ئامادەیی کیێڤ بۆ وەستاندنی کاتیی هێرشەکان بۆ سەر مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە لە بەردەم هەوڵە دیپلۆماسییە تازەکانی واشنتن، هێرشە دوورمەوداکانی هەردوو لایەن بەردەوام بوون.

ڕووسیا سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە هێرشێکی بەربڵاوی بۆ سەر ئۆکراینا ئەنجام دا. زێلێنسکی پێشتر وتبووی فڕۆکەخانەی کیێڤ لە نێو ئامانجەکاندا بوون. ئەو هێرشانەی بە وەڵامی مۆسکۆ بە ئەگەری گەشتی شاندی ئەمەریکا بە فڕۆکە بۆ ئۆکراینا وەسف کرد.

لە هەمان کاتدا، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، فەرمانی وەستاندنی کاتیی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کییڤی داوە، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی دیپلۆماسیی نێردراوانی ئەمەریکادا.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، پێش ئەم گەشتە ڕایگەیاندبوو ویتکاف و کوشنەر بە پێشنیارێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکەوە سەردانی مۆسکۆ و کیێڤ دەکەن.

وردەکارییەکانی پێشنیارە تازەکەی واشنتن بە ئاشکرا ڕانەگەیەنراون. بەڵام ڕۆیتەرز دەڵێت، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا، ناکۆکییە بنەڕەتییەکان لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراین، لەوانە لەسەر ناوچە داگیرکراوەکان و مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی ئاشتی، هێشتا بەردەوامن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG