ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، فەرمانی داوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هێرش بۆ سەر کیێڤ، پایتەختی ئۆکراینا، ڕابگیرێت. بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس، ئەم بڕیارە پەیوەندی بە ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتنی شاندێکی ئەمەریکی بە ناوچەکەوە هەیە.
ئینتەرفاکس بە پشتبەستن بە دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملین، ئەم هەواڵەی ڕاگەیاندووە. بڕیارەکە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا دووبارە خراونەتەوە گەڕ.
ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردراوەکانی سەرۆک دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی شەممە گەیشتنە مۆسکۆ بۆ گفتوگۆ لەسەر جەنگی ئۆکراینا و پێشبینی دەکرێت دوای کۆتایی هێنانی سەردانەکەیان لە ڕووسیا، ڕۆژی یەکشەممە سەردانی کیێڤ بکەن.