Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا لەگەڵ کەسوکاری ئەمەریکاییە کوژراوەکان کۆبووەوە

مایک هاکبی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە لە شارۆچکەی ترمس‌عیا لە کەناری ڕۆژئاوا، لەگەڵ ژمارەیەک فەلەستینیی ئەمەریکایی کۆبووەوە، لە نێویاندا خزم و کەسوکاری ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکاییانەی کە لەلایەن نیشتەجێبووانی ئیسرائیلییەوە کوژراون.

هاکبی دوای کۆبوونەوەکە وتی گفتوگۆکە "بنیاتنەر" بووە. گوتیشی لە بەرژەوەندی حکومەتی ئیسرائیلدایە هەنگاو دژی ئەو کەسانە بنێت کە بە وتەی ئەو "هەڵسووکەوتی تاوانکارانە و تیرۆریستی" ئەنجام دەدەن. هاکبی پێشتر نیشتەجێبووانی توندوتیژیشی بە "تیرۆریست" ناوبردووە.

بەپێی شارەوانی ترمس‌عیا، نزیکەی 80 لە سەدی دانیشتووانی ئەم شارۆچکە فەلەستینییە، کە نزیکەی سێ هەزار کەس دەبن، هاووڵاتیی ئەمەریکان. بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن ناوچەکە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی نیشتەجێبووانی ئیسرائیلی دەبێتەوە.

لە نێو ئەوانەی لەگەڵ هاکبی کۆبوونەوە، هەدیل جەبارە هەبوو؛ فەلەستینییەکی ئەمەریکی و دایکی دوو منداڵ کە هاوسەرەکەی، عومەر، کە ئەویش هاووڵاتیی ئەمەریکا بوو، ساڵی 2023 لەلایەن نیشتەجێبووانەوە کوژرا. جەبارە کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد و وتی هیوادارە حکومەتی ئەمەریکا بتوانێت یارمەتی پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکە بدات.

هاکبی لە هەمان کاتدا وتی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بۆ هەنگاونان نییە، بەڵام دەتوانێت هەوڵی کاریگەری دانان بدات و سەرنج بۆ ئەو کێشانە ڕابکێشێت کە واشنتن پێی وایە پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

بەپێی ڕۆیتەرز، لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە لانیکەم شەش فەلەستینیی ئەمەریکی لە کەناری ڕۆژئاوا، یان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە یان لەلایەن نیشتەجێبووانەوە، کوژراون. سەردانەکەی هاکبی لە کاتێکدایە کە زیادبوونی توندوتیژیی نیشتەجێبووان لە کەناری ڕۆژئاوا ڕەخنە و نیگەرانیی نێودەوڵەتی زیاتر لەدوای خۆی هێناوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG