Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا: ئێمە هەرگیز خەڵکی سڤیل ناکەینە ئامانج

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە هێرشێکی ئاسمانی دەکات کە ئێران دەڵێت تێیدا ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە بەندەری کوهستەک کراوەتە ئامانج و ڤانس جەختیشی لەوە کردەوە کە سوپای ئەمریکا "هەرگیز خەڵکی سڤیل ناکاتە ئامانج."

جەی دی ڤانس وتی بە شێوەیەک لە شێوەکان "ڕەشبینە" سەبارەت بە ئەگەری ڕۆڵی ئەمەریکا لەو ڕووداوەدا.

جەی دی ڤانس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی وتی "ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین، چونکە دیارە بۆ ئێمە گرنگە، دەمانەوێت بزانین چی ڕوویداوە."

وتیشی "ئەگەر هەڵەیەک بکەین، دووبارەی دەکەمەوە، ئەوە جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان ئێمە و ئێران، کاتێک سەربازی ئێمە هەڵەیەک دەکات، لێی فێر دەبێت و خۆی باشتر دەکات."

بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، 1ی مانگی هەشت، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئاهەنگی هاوسەرگیری لە شاری کوهستەک لە نزیک تەنگەی هورمز، چوار کەس کوژراون کە منداڵێکیان تێدایە و دەیان کەسیش برینداربوون.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا وتی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشی گوماناوی بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە باشووری ئێران بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد تا ئێستا زانیاریی پێویستمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام سوپای ئەمەریکا "بەپێچەوانەی سوپای پاسداران" هەرگیز هاووڵاتیانی مەدەنی ناکاتە ئامانج، وتی بەڵام هەندێکجار ڕەنگە "هەڵە" ڕووبدەدات.

لە کۆتاییدا ڤانس جەختی لەوە کردەوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هێشتا زانیارییەکان تەواو نەبوون و وتیشی "دەبێت بڵێم میدیای حکومەتی ئێران زۆر راستگۆ نین سەبارەت بەوەی لەم ململانێیەدا ڕوویداوە. بۆیە من زۆر گومانم لەم ڕاپۆرتە هەیە."

ڤانس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی "ئامۆژگاری من بۆ ئێرانییەکان ئەوەیە کە وەک شێتەکان ڕەفتار نەکەن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا هیچ پلانێکی نییە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئێران، مەگەر تاران دەست لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز هەڵبگرێت.

ڕوونیشی کردەوە هۆکاری ئەوەی لە ئێستادا نرخی بەنزین زۆر بەرزە، لەبەر ئەوەیە کە ئێرانییەکان تەقە لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن.

ڤانس جەختی لەوە کردەوە "ئەمە زۆر سادەیە: دەبێت واز لەم کارە بهێنن."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕێبازی پەکین سەبارەت بە گۆشەگیرکردنی ئابووری ئێران، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا وتی "چینییەکان ئامادەی هاوکارین لەگەڵ ئەم بەرنامەیەدا."

سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز هەروەها وتی "ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر کۆنترۆڵی ئەم ڕێڕەوی ئاوەییەی لەدەستداوە."

بە گوتەی ڤانس، بڕی ئەو نەوتەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت، کەم تا زۆر نزیک بووەتە لە ئاستی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.

وتی ئەگەر سەیری سێ مانگ لەمەوبەر بکەیت، هیچ نەوتێک بەم ڕێڕەوی ئاوییەوە تێنەدەپەڕی. بەڵام ئێستا گەیشتووە بە نزیکەی هەمان ئاستی پێش ململانێکان.

چەند سەعاتێک پێش ئەم قسانەی جەی دی ڤانس، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ نووسیویەتی، بڕی ئەو نەوتەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت، گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش شەڕی ئێران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG