Accessibility links

ڕوبیۆ: ئێران ئەگەر بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت باجەکەی دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند "لە زۆر ڕووەوە ئەو کەشتییە بەندەرەکەی بەجێهێشتووە و ناگەڕێتەوە." ناوبراو بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت، باجەکەی دەدات.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردووش بە نێوەندگران و هاوبەشە ناوچەییەکانیشی ڕاگەیاند هیچ حەزی لەوە نییە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتن بە هەمان مەرجەکانی پێشووەوە.

مارکۆ ڕوبیۆ بە فۆکس نیوز ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ڕەتیکردووەتەوە بچێتە ناو دانوستانە ئەتۆمییەکان و پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد ئێران ئەگەر بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی یان بانگەشەی ئەوەی کە چەکێکی لەو شێوەیەیان دەوێت، باجەکەی دەدات.

ڕوبیۆ بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە فشارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ئابووری دەبێت، بەڵام وتی "وەک وتمان مافی خۆمانە ئەگەر پێویست بوو ڕێکاری سەربازیش بگرینەبەر؛ نەک تەنها بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین، بەڵکو بۆ ئەوەی نەهێڵین هەڕەشە لە کەسانی دیکە بکەن."

مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە قرغیزستان ڕایگەیاند ئەگەر ئەمەریکا بگەڕێتەوە سەر بەڵێنەکانی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، تارانیش "دەستبەجێ" دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە.

گرژییە سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا بە هۆی هێرشە نوێیەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتییەکان لە ئاوەکانی باشووری ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، سەرلەنوێ هەڵگیرساوەتەوە، پرسێک کە دواجار واشنتنی ناچار کرد گەمارۆی دەریایی و ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری دژی کۆماری ئیسلامی بسەپێنێت. ئەم ڕێوشوێنانە بووەتە هۆی داخستنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران و پەکخستنی بازرگانی دەرەکی و دابەزینی خێرای بەهای ڕیاڵ.

This item is part of
XS
SM
MD
LG