Accessibility links

کۆمپانیای ئەمەریکایی کێڵگە نەوتییەکانی چین و ڕووسیا لە ڤەنزوێلا دەگرێتە دەست

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە دوو بەرپرسی ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکایی نۆرث ئەمەریکەن بڵو ئینێرجی پارتنەرز، کێڵگە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا دەگرێتە دەست کە پێشتر لەلایەن پێنج کۆمپانیای چینی و کۆمپانیایەکی ڕووسییەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون.

ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوەشکردووە گواستنەوەی نەوتەکە بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی بەرفراوانتر بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕایگەیاند.

بە وتەی ئەو بەرپرسانە، ئەو پڕۆژانە لەنێو ئەو 14 ڕێککەوتنەدان کە بەم دواییە بەو کۆمپانیا ئەمەریکاییانە دراوە. ئەم ڕێککەوتنانە پێگەیەک بە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دەدات لە سەروەت و سامانی ستراتیژیی نەوتی ڤەنزوێلا کە وادەکات چین و ڕووسیا کە ساڵانێکە ڕۆڵێکی دیاریان لە کەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا گێڕاوە، بخرێنە پەڕاوێزەوە.

سەرۆک ترامپ چەند ڕۆژ پێش ئیستا ڕایگەیاند ئەمەریکا بە بەشداری لەگەڵ کەرتی تایبەت دەستی بە نزیکەی 64 ملیار بەرمیل لە یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا گەیشتوە.

کۆمپانیای بڵو ئینێرجی پارتنەرز لە ئەمەریکای باکوور پێشتر هەری سارجنت، گەورە کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکایی خاوەنی بوو، ئێستا لەلایەن بازرگانێکی ڤەنزوێلایی، ئەلیخاندرۆ بیتانکۆرەوە خاوەندارێتی دەکرێت.

بێتانکۆر لە بەیاننامەیەکدا گرێبەستەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت "ڤەنزوێلا خاوەنی سامانی سروشتی زۆر و گەلێکی ماندوو و توانای بەکارنەهێنراوی هەیە. ئەم گرێبەستە ئەو توانایە دەخاتە کار و سوودێکی زۆری بۆ ڤەنزوێلا و ئەمەریکاییەکان هەیە."

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کۆنترۆڵی کارکردنی ئەو کارەی بە دەستەوە هەیە و حکومەتی ئەمەریکاش مافی بەدەستهێنانی 35%ی پشکەکانی هەیە لەگەڵ "دەستگەیشتن بە ئیمتیازات" بۆ 20%ی بەرهەمی کۆمپانیاکە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە کۆمپانیاکە مافێکی پێشوەختەی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش داوە بۆ کڕینی 80%ی بەرهەمەکەی کە دەمێنێتەوە.

هەروەها ئەمەریکا دەسەڵاتی ڤیتۆی بەسەر دەستەی بەڕێوەبەر و کارگێڕانی کۆمپانیاکەدا دەبێت.

پێنج لە کۆی 14 کێڵگەکەی ڤەنزوێلا لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بەڕێوەدەبرا و بەپێی مۆدێلێک کە لەلایەن نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلاوە پەرەی پێدەدرابوو. یەکێک لە کێڵگەکانیش پێشتر لەلایەن کۆمپانیایەکی ڕووسییەوە خاوەندارێتی دەکرا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG