تێد کروز، سێناتۆری کۆماری ویلایەتی تەکساس جارێکی دیکە داوای پڕچەککردنی کورد و خۆپیشاندەرانی دیکەی ئێرانی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی، هەڵوێستێک کە پێشتریش جەختی لەسەر کردبووەوە. ئەم سیناتۆرە کۆمارییە ئەمجارەیان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی ڕایگەیاند ئامانجی درێژخایەنی ئەمەریکا دەبێ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێت و دەڵێت کورد دەتوانێت ئەمە بکات.
کروز لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی شەڕی ئێران و ئەمەریکا، وتی ئەگەر ئامانجی سەرەتایی بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ لاوازکردن و لەناوبردنی دەسەڵاتی سەربازی ئێران بووبێت، ئەوا ئەم ئامانجە "بە ڕەهایی" بەدیهاتووە. وتیشی "کۆگاکانی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە تەواوی لەناوچوون، توانای بەرهەمهێنانیان لەناوچووە، هێزی ئاسمانی ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بەشێکی زۆری فەرماندە و ڕێبەرە باڵاکانی وڵاتەکەش لەناوچوون."
کروز وتی بەڵام قۆناغی داهاتووی گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ڕێگەی گەمارۆدان و گوشاری ئابوورییەوە بێت و وتی خواست و ئامانجی درێژخایەنی ئەو ڕووخانی ڕژیمی ئێرانە.
تێد کروز لە درێژەی قسەکانیدا بە ڕاشکاوی وتی "ئەوەی من داوام لە سەرۆک ترامپ و بەڕێوبەرایەتییەکەی کردووە، پڕچەککردنی خۆپیشاندەرانە؛ چەک بە خەڵکی ئێران و بە تایبەت بە کوردەکان بدەن. ڕێگە بدەن با خۆپیشاندەرانی ئێران خۆیان ئەم ڕژێمە بڕوخێنن."
کروز جەختی لەوە کردەوە کە مەبەستی لەم قسانە ناردنی هێزی ئەمەریکایی بۆ ئێران نییە، بەڵکو پێی وایە ئێرانییەکان خۆیان دەبێ هەنگاو بنێن بۆ گۆڕینی ڕژێمەکە. ناوبراو وتی "نەک سەربازانی ئەمەریکایی لە رێگای هێرشی وشکانییەوە، بەڵکو خودی خەڵکی ئێران دەبێت ئەو کارە بکەن."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە سەبارەت بە کوردەکان، وتی ئەوان "مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە خەباتکردنی کاریگەر" و هاوپەیمانی ئەمەریکا بوون لە ململانێ جۆراوجۆرەکاندا. کروز ماوەیەک پێش ئێستاش جارێکی دیکە داوای پڕچەککردنی کوردی لە ئێران کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە کورد دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕینی ڕێژیمی ئێراندا.
هەروەها کروز لە چاوپێکەوتنێکی پێشوودا ڕایگەیاندبوو کە پلانی پڕچەککردنی کورد لەناو حکومەتی ئەمریکادا گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام دەوترێت دژایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە بووەتە هۆی ولاوەنانی ئەو بیرۆکەیە. کروز وتی تورکیا نابێت ڕێگری بکات لەم هەنگاوە.