Accessibility links

ترامپ: نەوتی ڤەنزوێلا بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژی ئەمەریکا بەکاردەهێنرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند بەشێک لە نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئاوەدانکردنەوە و پڕکردنەوەی یەدەگی نیشتمانی ستراتیژیی نەوتی ئەمەریکا تەرخان دەکرێت.

سەرۆک ترامپ لە پەیامێکیدا لە تۆڕی تروث سۆشیال ڕۆژی یەکشەممە، 30ی مانگی هەشت ڕایگەیاند پرۆسەی پڕکردنەوەی ئەو یەدەگانە کە بە وتەی خۆی لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن نزیک بوونەتەوە لە بەتاڵ بوون، "بەم زووانە دەست پێدەکات و نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا و ڤەنزوێلا ڕێککەوتنێکی فراوانی نوێیان لە بواری کەرتی نەوت کرد. ڕێککەوتنێک کە حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند دەستڕاگەیشتنێکی بەرفراوان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکانی ڤەنزوێلا بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دابین دەکات.

ترامپ ئەو هەنگاوەی بە "دیارییەک لە ڤەنزوێلا بۆ گەلی ئەمەریکا" ناو برد.

یەدەگی ستراتیژی نەوتی ئەمەریکا یەدەگی فریاگوزاری حکومەتە بۆ بەرنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە کاتی کێشەکان بۆ دابینکردنی نەوت و وزە.

بەگوێرەی هەواڵەکانی ئەم دواییە، ڕێککەوتنە نوێیەکەی واشنتن و کاراکاس بڕیارە بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلاش زیاد بکات؛ بەڵام شارەزایان دەڵێن ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی نەوتی وێرانکراوی وڵاتەکە کاتی دەوێت و زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمهێنان دەستبەجێ ڕوونادات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG