Accessibility links

نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکا لە ئێران گەیشتە 208 هەزار تمەن

نرخی پارە و دروای ئێران تا دێت ڕووی لەدابەزینە و ئەمڕۆ یەکشەممە،30ی مانگی هەشت یەک دۆلاری ئەمەریکا لە بازاڕی ئێراندا گەیشتە 208 هەزار تمەن و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد؛ تۆمارێکی مێژوویی کە قووڵایی قەیرانی ئابووریی ئێران و کەمبوونەوەی بەهای پارەکەی زیاتر دەخاتەڕوو.

بۆ تێگەیشتن لە ئاستی قەیرانی ئابووری ئێران، ئەم نرخە دەبێت بەراورد بکرێت بە داهاتی خەڵکەکەی لەو وڵاتەدا. بۆ نموونە مووچەی مامۆستایەک لە ئێران لەمساڵدا نزیکەی 25 بۆ 29 ملیۆن تمەنە کە داهاتی مانگانەیان بە ڕێژەی دۆلاری ئێستا دەکاتە نزیکەی 120 بۆ 140 دۆلار لە مانگێکدا.

ئەم بەراوردکردنە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ خەڵکی ئێران تەنیا گۆڕانکاری لە بازاڕی دراودا نییە. لەگەڵ کەمبوونەوەی بەهای تمەن، تێچووی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە پشت بە هاوردەکردن، کەرەستەی خاوی بیانی، یان ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی دەبەستن بەرز دەبێتەوە، لەکاتێکدا مووچەی زۆر کەس بەهەمان ڕێژە زیاد ناکات.

هەروەها نرخی هەر پاوەندێکی بەریتانیا لە بازاڕی ئێراندا گەیشتووەتە نزیکەی 280 هەزار تمەن. ئەم ژمارەیە لەکاتێکدایە مەسعود پزشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاندووە پێشبینی دەکات نرخەکان لەوە زیاتریش بەرزتر ببنەوە.

بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخی دراو و دابەزینی تمەنی ئێرانی دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دێت کە لە دووشەممەی هەفتەی ڕابردووەوە بە مەبەستی بڕینی داهاتی ئێران دەستیپێکردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG