دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت تەنگەی هورمز کراوەیە بۆ کەشتیوانیی بازرگانی و هێزەکانی ئەمەریکا یارمەتی نزیکەی 1500 کەشتیان داوە کە نزکەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بارکردبوو بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕن لە چەند مانگی رابردوودا.
سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەکسیۆس باسی لەوەشکرد کە ئێران ناتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەری دەستوەربداتە ئۆپراسیۆنەکانی ئەمەریکاوە کە رێنمایی کەشتییەکان دەکەن لە تەنگەکەدا و کاردانەوەی ئەوانیشی بە "مامناوەند" وەسفکرد. سەرۆک وتی تاران ترسی ئەوەی هەیە ئەمەریکا ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لەدژی رژێمەکەی دەستپێبکاتەوە.
ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی سەرۆک باسیان دەکات بریتییبوون لە ئۆپراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کە شەش مانگ بەر لە ئێستا دەستیانپێکرد.
سەرلەبەیانی رۆژی 28 ی مانگی دوو بوو کە سەرۆک ترامپ لە ووتارێکیدا بۆ گەلی ئەمەریکا و جیهان، ئۆپراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی راگەیاند کە ئامانجەکەی بریتیی بوو لە "بەرگریکردن لە گەلی ئەمەریکا بە نەهێشتنی هەڕەشەی دەمودەستی رژێمی ئێران، کە دەستەیەکن لە خەڵکانی خراپ و شەڕانگێزی سەرسەخت."
هەروەها وتیشی "ئێمە لەوە دڵنیادەبینەوە کە ئێران چەکی ئەتۆمیی دەستناخات."
پاش دوو مانگ و نیو، فەرماندەی باڵای هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، براد کووپەر بە کۆنگرێسی ئەمەریکای ووت کە کردە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران ستراتیژی ئەو رژێمەیان "لەڕێچکەدەرکرد" کە 47 ساڵە خەریکی دارشتنین و پاشەکشەی بە بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکیی ئێرانکردووە.
کووپەر وتی ئەو سێ پێکهاتەیەی کە ئەرکەکەی ئەمەریکا لەخۆیگرتبوو هاتنەدی و ئەویش لەناوبردنی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، درۆنەکانی و هێزی دەریایی و بنکەی پیشەسازیی بەرگریی ئێرانە، بەڵام دانیبەوەشدا نا کە ئێران "توانای لە چەندین بواردا هێشتا ماوە."
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە
ئۆپراسیۆنەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل زۆرێک لە سەرکردە ئێرانییەکانی کوشت، لەنێویاندا رابەری باڵای وڵاتەکە، عەلی خامنەئی.
ئێرانیش وەڵامی ئۆپراسیۆنەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیلی دایەوە و بە هێرشکردن بە مووشەک و درۆن بۆ سەر چەندین وڵات لە ناوچەکە لەنێواندا هەندێک هەبوون کە بنکەی سەربازیی ئەمەریکایان لەخۆگرتووە.
کووپەر مانگی پێنج بە کۆنگرێسی ئەمەریکای وت لانیکەم 300 کەسی مەدەنی کوژراون و بینداربوون لە ئەنجامی بەئامانجگرتنی پێگە مەدەنییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
وتیشی رژێمەکە هەزاران درۆن و مووشەکی لەوادەی شەڕەکەدا هەڵداوە، و "بەمەبەست" پێگە مەدەنییەکانی "لانیکەم 1000 جار" کردووەتە ئامانج.
تاوەکو 27ی هەشت، پێنتاگۆن دەڵێت کە 14 سەربازی ئەمەریکایی لەو پەیوەندیدا بە هۆی ئۆپراسیۆنەکانی ئێرانەوە کوژراون، و 417 کەسیش برینداربوون.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان
لە 8ی چواردا ئۆپراسیۆنەکان وەستان پاش ئەوەی ئێران و ئەمەریکا رازیبوون لەسەر راگرتنی شەڕ کە بووە مایەی گفتوگۆی راستەوخۆ لە ئیسلامئاباد کە ئەویش شکستیخوارد. بەقسەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لەبەرئەوەی ئێران پابەند نەبووە بەوەی کە هەوڵی دەستخستنی چەکی ئەتۆمیی نەدات. ڤانس سەرۆکی تیمی دانوستانەکانی ئەمەریکا بوو. ئێران لۆمەی ئەمەریکایکرد لە بەرەوپێشنەچوونی دانوستاندنەکان و وەهای دەوت کە واشنتن "داواکاریی لەڕادەبەر"ی کردووە.
واشنتن لە 14ەی چوار گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرە ئێرانییەکان بۆ فشارخستنە سەر ئێران لە دانوستاندنەکاندا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و وازهێنان لە چالاکییە خراپەکانی و پشتوانیکردنی لە گرووپەکانی لە ناوچەکە.
گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ کە لەلایەن پاکستانەوە دەستپێشخەریکرا و دواتری قەتەری هاتەپاڵ بوونە مایەی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لەیەک تێگەیشتن لە 18ی شەش کە پێکهاتبوو لە 14 خاڵ کە راگرتنێکی هەمیشەیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە هەموو بەرەکان، و کردنەوەی تەنگەی هورمز و تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان، و لابردنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا لەسەر ئێران، و پابەندبوونی تاران بەوەی کە چەکی ئەتۆمی دەستنەخات یاخود دروستنەکات، لەخۆگرتبوو.
بەڵام یاداشتنامەکە هەرەسیهێنا پاش ئەوەی هێرشکرایە سەر سێ کەشتی لە 7ی حەوت لە تەنگەی هورمز یاخود نزیکی ئەو تەنگەیە. سەرۆک ترامپ ووتی ڕێککەوتنی ئاگربەست "تەواو"بوو و ئەمەریکا بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشییەکان دایەوە، و ئێرانیش دەستیکردەوە بە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.
کاردانەوەکان
ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە ببونە ئامانجی درۆنەکانی ئێران و هێرشە مووشەکییەکانی، سەرکۆنەی کارەکانی ئێرانیانکرد بە هێرشکردنە سەر ووڵاتەکانیان و هاوڵاتیانیان.
لەماوەی کۆبونەوەیەک کە 25ی مانگی شەش لە بەحرەین لەنیوان ئەمەریکا و سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەڕێوەچوو، ئەو ووڵاتانە باسی هەڕەشە فرەلایەنەکانی ئێرانیانکرد.
ئیمارات ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئێران گرت و لە بەیاننامەیەکدا لە 24 ی حەوت بە توندترین شێوە بەئامانجگرتنی بەحرەین و کوەیت و ئوردنی بە مووشەک و درۆن لەلایەن ئێرانەوە سەرکۆنەکرد. رایگەیاند کە ئەو هێرشە دوژمکارانە "پێشێلکارییەکی زەقن" بۆ سەروەریی ئەو ووڵاتانە.
کاردانەوەکانیش لە ئەمەریکا لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان بەردەوامە و رای جیاوازیان هەیە سەبارەت بە شەڕی ئێران.
ئادەم سمیس، یاسادانەری دیموکرات و ئەندامی سەرەکی کۆمیتەی هێزە سەربازییەکانی کۆنگرێس، رەخنەی لە سەرۆک ترامپ گرت بەوەی "تاکلایەنانە" ئۆپراسیۆنەکەی ئەنجامداوە و بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس بووە.
سمیس ئەو ئامانجانەی ریزبەندکرد و وتی ئۆپراسیۆنەکان شکستیانهێناوە لە بەدیهێنانیان، لەوانە "کۆتاییهێنان بۆ بەکارهێنانی گروپە تیرۆریستییە وەکالەتەکان، نەهێشتنی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکان، گواستنەوەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکەیان، و گۆڕینی رژێمی ئێران."
لەبەرامبەردا تۆم کاتن سیناتۆری کۆماریی رۆژی چوارشەممە پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازیەکە و بەردەوامیدان بە گەمارۆ و فشاری ئابووریی. وتیشی "ئەو رژێمە توندڕەوە بەرەوکۆتایی دەچێت."
هەروەها رۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند "ئەو گورەیسە ئابوورییەی کراوەتە ملی ئێران و توندکردنەوەی بەردەوامی بریتییە لە رێگە راستەکە. بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ئێران، ئێمە بەردەوامین لە دەرکردنی نەوت بە تەنگەی هورمزدا کە بەردەوامە لە دابەزاندنی نرخی بەنزین."
هەروەها داوای لە ئیدارەی ئەمەریکاکرد "بەردەوامبێت لە توندکردنی مەنگەنەکە" لەسەر رژێمەکە.
فشاری ئابووریی
گەمارۆ دەریایی ئەمەریکا لەدژی ئێران لە 14ی مانگی حەوتەوە جارێکی دیکە دەستپێکردەوە لەکاتێکدا ئێران هۆشداریدا کە تەنگەی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ باری پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.
سەرۆک ترامپ ئەم هەفتەیە رایگەیاند ئەمەریکا میینەکانی لە گەرووەکە پاککردۆتەوە و وتی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا "کۆنترۆڵی تەواوەتی"ی ئەو رێڕەوە ستراتیژییەی بەدەستە. سەرۆک رۆژی پێنج شەممە وتی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدا نیە و خوازیاری دانوستاندنیش نیە.
کووپەر فەرماندەی سێنتکۆم رۆژی پێنج شەممە وتی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا یارمەتی گواستنەوەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویانداوە لە کەنداوەوە، ئێرانیش "هیچ نەوتی"ی لە ساتی گەمارۆ دەریاییەکوە نەناردۆتە دەرەوە.
فشاری ئابووریی جێگەی جەختی دوایین رێکارەکانی ئەمەریکابووە بۆ ناچارکردنی رژێمەکە بە پابەندبوون بە تێپەڕبوونی سەلامەت بە گەرووەکەدا و دانوستانکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم هەفتەیە ئەمەریکا ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابوریی لە دژی ئێران بەگەڕخست کە هێڵی دابینکردنی دارایی ئێران دەکاتەئامانج و ئابڵوقەکان لە دژی زیاد لە 60 کەس و دامەزراوە و کەشتی لەخۆدەگرێت بۆ پەڕگیرکردنی رژێمەکە.
سکات بەسێنت وەزیری خەزێنە وتی کە ئەمەریکا چاوەڕوانە وڵاتە هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران هەنگاو بنێن و کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن، هۆشداریشیدایە هەر وڵات و دامەزراوەیەک کە ئاسانکاریدەکات بۆ پارە سپی کردنەوەی ئیران رووبەڕووی "تەواوی دەستەڵاتی ئەمەریکا" دەبنەوە.
محەمەد باقڕ قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەستبەجێ ئەو رێکارە ئابورییانەی بەکەمدانا و وتی کە هاوبەشانی ئێران ناچنە پاڵ ئەمەریکا بۆ فشارخستنە سەر ووڵاتەکەی.