Accessibility links

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری بە هەموو هێزی خۆیەوە بەردەوام دەبێت

تامی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، 28ی مانگی هەشت ڕایگەیاند ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری واشنتن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەردەوامە و ئەمەریکا هەوڵ دەدات ئەو کەسانە بکاتە ئامانج کە بە بڕوای ئەوان سەرچاوەی دارایی بۆ حکومەتی ئێران دابین دەکەن.

پیگۆت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریە بە تەواوی هێزەوە بەردەوامە. ئەمڕۆ ئەمەریکا سزای بەسەر بەڕێوەبەری لقی دوبەی بانکی مێلی ئێراندا سەپاند."

ئەو بەرپرسەی حکومەتی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە حکومەتی ئەمەریکا پاشەکشە ناکات لە چاودێریکردنی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە یارمەتی کۆماری ئیسلامی دەدەن لە ڕێگەی چالاکییە داراییە نایاساییەکانەوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سزای خستە سەر ڕەزا محەمەد تەئییدی، بەڕێوەبەری لقی دوبەی بانکی مێلی ئێران. لە هەمان کاتدا کۆمپانیایەکی بنکە لە هۆنگ کۆنگ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێرانیش کرایە ئامانجی سزاکانی ئەمەریکا.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە داراییەکانی بۆ لقەکانی بانکی میسر لە ئیمارات کردووە و دەڵێت ئەم بانکانە یارمەتی ئێرانیان داوە بۆ سپیکردنەوەی پارە.

ئەم هەنگاوە نوێیە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانتری حکومەتی ئەمەریکایە بۆ بەرتەسککردنەوەی دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە دۆلاری ئەمەریکایی و سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG