لە کۆنگرێس، 4ی حەوتی ساڵی 1776، ڕاگەیاندنی کۆدەنگی جاڕنامەی سێزدە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
کاتێک لە سەروبەندی ڕووداوە مرۆییەکاندا، دەبێتە پێویست بۆ گەلێک وابەستە سیاسییەکانی بەستونیەتەوە بە یەکێکی دیکەوە، هەڵوەشێنێتەوە و لەناو دەستەڵاتەکانی زەویدا پێگەیەکی جودا و یەکسان وەدەستبخەن کە یاساکانی سروشت و خودای سروشت پێیبەخشییون، ڕێزگرتنێکی شایستەی بیروڕاکانی مرۆڤایەتی وەها دەخوازێت هۆکارەکان ڕابگەیەنن کە ناچاریکردوون بە جیابوونەوە.
ئەم راستییانە لەلامان بەڵگەنەویستن، کە هەموو پیاوان بە یەکسانی خوڵقێنراون، و لەلایەن خوڵقێنەریانەوە مافگەلی لێنەبڕاویان پێدراوە، لەنێو ئەو مافانەشدا ژیان، ئازادی، و دەستخستنی بەختەوەری. بۆ پاراستنی ئەو مافانەش، حکومەتەکان لەنێو پیاواندا دادەمەزرێن، کە دەستەڵاتەکانیان لە ڕەزامەندی حوکم کراوەکانەوە وەرگرتووە.
هەرکاتێک هەر شێوازێکی حکومەت بووە مایەی وێرانکاریی ئەو ئامانجانە، ئەوە مافی خەڵكە بیگۆڕێت یاخود هەڵیوەشێنێتەوە، و حکومەتی نوێ دابمەزرێنێت، بناغەکەشی لەسەر ئەو پرەنسیپانە بێت و دەستەڵاتەکانیش بەو جۆرە رێکبخات کە بەلایانەوە وەها دەربکەوێت کە زۆرترین ئەگەری هەیە ببێتە مایەی سەلامەتی و بەختەوەرییان.
لە ڕاستیدا هۆشیاریی وەها دەخوازێت حکومەتەکان، کە لە مێژە دامەزرێنراون، بەهۆی هۆکاریی بچووک و تێپەڕەوە لانەبرێن. و لەو بارەیەشەوە هەموو ئەزموونەکان دەریانخستووە کە مرۆڤایەتی زیاتر بەرگەی نەهامەتی دەگرن، تاوەکو ئەو نەهامەتیانە بەرگەگیراوبن، وەک لەوەی ئەو شێوازە هەڵبوەشێننەوە کە پێی ڕاهاتوون.
بەڵام کاتێک زنجیرەیەک لە خراپەکاریی و زەوتکردن دەگوزەرێن و بەبێ گۆڕان دەکەونە بەر هەمان کردار کە دەریدەخات پلانی هەیە بیانخاتە بەر سایەی ستەمکاریی ڕەهاوە، ئەوا مافی خۆیانە، ئەرکی خۆیانە، حکومەتی لەو جۆرە توڕهەڵدەن، و پاسەوانی نوێ بۆ ئاسایشی داهاتوویان دابینبکەن.
بەرگەگرتنی ئەم کۆڵۆنیانەش بەم چەشنە بووە. ئێستاش بەم چەشنە پێویستە پابەندبن بە گۆڕینی سیستەمەکانی پێشووی حکومەت. مێژووی شای ئێستای بەریتانیای مەزن بریتییە لە مێژووی زیان و زەوتکاریی چەندبارەبووەوە، کە هەموویان بە ئاڕاستەی ڕاستەوخۆی دامەزڕاندنی ستەمکاریی رەها بەسەر ئەو ویلایەتانادان. بۆ سەلماندنی ئەمەش، با ڕاستییەکان بخرێنەبەردەم جیهانی بێلایەن.
ئەو قەدەغەی کردووە لە حکومەتەکەی ئەو یاسایانە دەربکات کە گرنگی دەمودەست و گرنگیان هەیە، ڕاگیراون لە کارەکانیان تاوەکو هاوڕاییان لەگەڵ ئەو بەدی دێت و لەو کاتەی کە راگیراون، ئەو بەتەواوی پشتگوێیخستوون.
ئەو ڕەتیکردووەتەوە یاسای دیکە دەربکات بۆ کارڕاییکردنی کەرتی فراوانی خەڵک، تاوەکو ئەو خەڵکانە دەستبەرداری مافی نوێنەرایەتی لە دەستەی یاسادانان دەبن، مافێک کە زۆر بەهادارە لەلایان و تەنها تۆقێنەرە بۆ ستەمکار.
ئەو داوای کۆبوونەوەی دەستەکانی یاسادانانی کردووە لە جێگەگەلێک کە نائاسایین، ناڕەحەتن، و بەدوورن لە دەستڕاگەیستن بە تۆمارە گشتییەکان، بۆ تاکە مەبەستی مل دانیان بە ڕێکارەکانی خۆی.
ئەو چەندبارە ئەنجومەنەکانی نوێنەرایەتی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بەشێوەیەکی پیاوانەی خۆڕاگر بەرپەرچی پێشلکارییەکانی ئەویان بۆسەر مافەی خەڵک داوەتەوە.
ئەو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ڕەتیکردووتەوە، لە دوای ئەو هەڵوەشاندنەوانە، هی نوێ هەڵببژێردرێن. بەو پێیەش دەسەڵاتەکانی یاسادان، کە ناکرێت بسڕدرێنەوە، گەڕاوەتەوە بۆ ناو خەڵک بە گشتی بۆ پیادەکردنی؛ لەو بارەشدا دەوڵەت بەردەوام کەوتۆتە بەردەم داگیرکاریی لەدەرەوە، و داڕمان لەناوەوە.
ئەو هەوڵیداوە ڕێگری بکات لە دانیشتوانی ئەو ویلایەتانە، بۆ ئەو مەبەستەش رێگرکاریی لە یاسای بە هاووڵاتیکردنی بیانییەکان کردووە، ڕازی نەبووە هی دیکە دەربکرێت کە ببێتە مایەی هاندانیان بۆ کۆچکردن، و مەرجەکانی دەستخستنی زەوی نوێی زیادکردووە.
ئەو ڕێگریی کردووە لە پەڕەوکردنی دادپەروەریی، لەڕێگەی ناکۆکیی لەگەڵ یاساکان کە دەسەڵاتە دادوەرییەکان دەچەسپێنن.
ئەو وایکردووە دادوەران پشت بە تەنیا ئیرادەی ئەو ببەستن، بۆ مانەوەیان لە کارەکانیان، و بڕ و پێدانی مووچەکانیان.
ئەو چەندین نوسینگەی نوێی قوتکردۆتەوە، و بەوپێیەش ژمارەیەک لە کارمەندی ناردووە بۆ هەراسانکردنی خەڵکەکەمان و لوشدانی ڕزقیان.
ئەو لەناوماندا، لە کاتی ئاشتیدا، سەربازەکانی بڵاوکردۆتەوە بەبێ ڕەزامەندی یاسادانەران.
ئەو کارێکی کردووە کە هێزە سەربازییەکان سەربەخۆبن و باڵاتربن لە دەستەڵاتی مەدەنی.
ئەو لەگەڵ هی دیکە تێكەڵبووە بۆ ئەوەی بمانخاتە ژێر سایەی دەستەڵاتێکی حوکمڕانی کە نامۆیە بە پێکهاتەی ئێمە، و لەلایەن یاساکانمانەوە دانی پێدانەنراوە؛ ئەو رەزامەندی خۆی داوە بە کردارەکانیان لەوەی کە خۆیان وەک یاسادانەر لەقەڵەم دەدەن.
بۆ دانانی ژمارەی زۆری سەرباز لەنێوماندا.
بۆ پاراستنیان، لەڕێگەی دادگایی ساختەوە، لە سزای هەر مرۆڤکوشتنێک کە ئەنجامی بدەن لەنێو خەڵکی ئەو ویلایەتانەدا.
بۆ راگرتنی هەر بازرگانییەکمان لەگەڵ هەموو بەشەکانی جیهاندا.
بۆ سەپاندنی باج بەسەرماندا بەبێ رەزامەندیمان.
بۆ بێبەشکردنمان لە زۆر باردا لە سودی دادگاییکردن بە دەستەی سوێندخواران.
بۆ گواستنەوەمان بە دەریادا بۆ دادگاییکردنمان لەسەر پێشێلکاریی خولقێندراو.
بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەربەستی یاسا ئینگلیزییەکان لە پارێزگا دراوسێکاندا. بەو پێیەش دامەزراندنی حکومەتی هەڕەمەکی، و فراوانکردنی سنورەکانی تاوەکو دەستبەجێ بیانکاتە نمونە و ئامرازێکی گونجاو بۆ بەرقەرارکردنی هەمان جۆری حوکمڕانی لەم کۆڵۆنیانەدا.
بۆ لابردنی میساقەکانمان، هەڵوەشاندنەوەی بەهادارترین یاساکانمان، و بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕینی شێوەکانی حکومەتەکانمان.
بۆ هەڵپەساردنی یاسادانەرانی خۆمان، و دەسەڵاتدان بە خۆیان بەوەی کە یاسامان بۆ دابڕێژن لە هەموو بارەکاندا.
ئەو وازی لە حکومەتی ئێرە هێناوە، بەوەی کە دایناوین لە دەرەوەی پارێزبەندی خۆی و جەنگی لە دژمان راگەیاندووە.
ئەو دەریاکانمانی تاڵانکردووە، کەنارەکانمانی شێواندووە، شارەکانمانی سوتاندووە، و ژیانی خەڵکەکەمانی وێرانکردووە.
ئەو لە ئێستادا ژمارەی زۆری سەربازی بەکرێگیراوی بینایی دەگوێزێتەوە بۆ تەواوکردنی کارەکانی مەرگ، قڕکردن و ستەمکاریی، کە پێشتر بە بارودۆخەکانی دڕندەیی و بێ متمانەیی کە لە هەرە سەردەمە بەربەرەییەکانیشدا هاوشێوەی نیە. و ئەو بەتەواوەتی ناشایستەی سەرۆکی وڵاتێکی شارستانییە.
هەروەها ئەو هاووڵاتییەکانمان، کە لە دەریادا بە دیلگیراون، ناچارکردووە چەک لە دژی وڵاتی خۆیان هەڵگرن، ببنە جەلادی هاوڕێ و براکانیان، یاخود خۆیان بەدەستی ئەوان بکوژرێن.
ئەو هەڵگەڕانەوەی ناوخۆیی لەنێوماندا وروژاندووە، هەروەها هەوڵیداوە دانیشتوانی سنورەکانمان بهێنێت، ئەو هیندییە دڵڕەقە وەحشییانە، کە یاسای جەنگکردنیان بریتییە لە وێرانکاری بێ جیاوازیی هەموو تەمەنەکان، ڕەگەزەکان و دۆخەکان.
لە هەموو قۆناغەکانی ئەم سەرکووتکارییەدا، ئێمە سکاڵامان بۆ چارەسەر بە ئەوپەڕی بێ فیزییەوە بەرزکردەوە، سکاڵا چەندبارەبووەکانمان تەنها بە زیانی زیاتر وەڵامدرانەوە. شازادەیەک کە کەسایەتی بە جۆرێک بێت کە هەموو کردەکانی ستەمکارێکی لێبوەشێتەوە، شایستەی ئەوە نیە فەرمانڕەوای خەڵکێکی سەربەست بێت.
ئەوەش نەبێت ئێمە کەمتەرخەمیمان کردبێت لە ئاگادارکردنەوەی برا بەریتانییەکانمان. ئێمە جار جارە هۆشداریمان پێداون لەبارەی هەوڵەکانی دەستەی یاسادانەریان کە خوازیاری فراوانکردنی دەستەڵاتی بێپاساویان بوون بەسەر ئێمەدا.
ئێمە بارودۆخەکانی کۆچکردن و نیشتەجێبوونمان لێرە، بیرهێناونەتەوە. ئێمە هانامان بردووە بۆ هەستی سروشتی دادپەروەرانە و باڵایی ئەوان، و داوامان لێکردوون کە لەبەر پەیوەندی هاوبەشی خزمایەتیمان، خۆیان بێبەری بکەن لەو داگیرکارییەی دەسەڵات، کە، بێگومان دەبێتە پچڕاندنی پەیوەندیی و وابەستییەکانمان.
ئەوانیش بەهەمان شێوە نەبیستی دەنگی دادپەروەریی و براخوێنی بوون. بۆیە دەبێت ئێمە لەبەر پێویستی پەسەندی بکەین، کە جودابوونەمان رابگەیەنین و ئەوانیش وەک سەرتاسەری مرۆڤایەتی بە دوژمن لە کاتی شەڕدا، و دۆست لە کاتی ئاشتیدا، بناسێنین.
بەو پێیەش ئێمە، نوێنەرانی ئەم ویلایەتە یەکگرتووانەی ئەمەریکا، لە کۆنگرێسی گشتیدا، کۆبووینەتەوە، پەنادەبەین بۆ دادوەری باڵای جیهان بۆ راستیی و نیەت پاکیمان، و بەناوی لەسەر بنەمای دەسەڵاتی خەڵکی باشی ئەم ویلایەتانەوە، سوێند دەخۆین و رایدەگەیەنین، کە ئەم کۆڵۆنییە یەکگرتووانە مافی خۆیانە، و وەهاش دەکەن، کە ویلایەتی سەربەست و سەربەخۆن و بێبەریی دەکەن لە هەر وڵاتێک بۆ شاهانەی بەریتانی.
هەروەها هەموو پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوان و دەوڵەتی بەریتانیای مەزن، هەڵوەشاوەتەوە و دەبێت هەڵوەشێتەوە. هەروەها وەک دەوڵەتی سەربەست و سەربەخۆ، دەسەڵاتی تەواویان هەیە جەنگ ئەنجام بدەن، ئاشتی بەرقەراربکەن، هاوپەیمانێتی ببەستن، بازرگانیی دابمەزرێنن، و هەموو ئەو کار و شتانەی دیکەش ئەنجام بدەن کە دەوڵەتە سەربەخۆکان مافی ئەنجامدانیان هەیە.
هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەم جاڕنامەیە، و بە پشتبەستنێکی پتەو بە پاراستنی دەستەڵاتداری گەردوون، ئێمە هەموومان سوێندی پابەدنبوون بە ژیان و سامانمان و شەرەفی پیرۆزمان بۆ یەکدی دەخۆین.