ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە سەروبەندی گەشتی عاسم مونیر سەرۆکی سوپای پاکستان بۆ تاران ڕایگەیاند ئەو بەرپرسە باڵایەی پاکستان هەفتەی ڕابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا هەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران ڕۆژی یەکشەممە پشتڕاستی کردەوە عاسم مونیر کە لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکێک لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی حکومەتی ئێران و ئەمەریکا بووە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە سەفەری تاران بکات.
ئێستا ڕۆیتەرز بە ئاماژەدان بە سێ سەرچاوە لە پاکستان نووسیویەتی ناوبراو گفتوگۆیەکی لەگەڵ ترامپ هەبووە. بەڵام تا ئێستا ناوەڕۆکی گفتوگۆی ئەو دووانە بڵاونەکراوەتەوە.
لە هەمان کاتدا پاش نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، میدیای دەوڵەتی لە ئێران بڵاویکردەوە کە ئەو بەرپرسە باڵای سەربازی پاکستانە گەیشتووەتە تاران.
ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەک نووسیویەتی کە بڕیارە سەرۆکی سوپای پاکستان لەگەڵ کەسانی نزیک لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کۆببێتەوە و وتووێژ بکات. مونیر پێشتر لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئێران لەگەڵ سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی مەجلیس کۆبووبووەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی دیکەی حکومەتی پاکستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە جگە لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، عاسیم مونیر بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکانی شیعەی یەمەن بۆ سەر خاکی عەرەبستان گفتوگۆ بکات.
حوسییەکانی یەمەن لەژێر چەتری پشتیوانی تاراندان و لە لایەکی دیکەشەوە ئیسلام ئاباد پەیمانی بەرگریی لەگەڵ ڕیازدا هەیە.
ڕۆیتەرز: سەرۆکی سوپای پاکستان پێش ئەوەی سەفەری تاران بکات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترامپ هەبووە