Accessibility links

هێگسێت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پیشەسازی بەرگری سەردانی نەبراسکا و ویسکانسێن دەکات

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ ڕۆژی دووشەممە 24ی مانگی هەشت لە چوارچێوەی گەشتەکانی لە ژێر ناوی 'جبەخانەی ئازادی' گەشت دەکات بۆ ویلایەتی نەبراسکا و ویسکانسێن. ئەم گەشتە بەمەبەستی بەهێزکردنی پیشەسازی بەرگری و زیادکردنی بەرهەمهێنان و خێراکردنی دابینکردنی ئامێرەکانی پێویست بۆ هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا دەبێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی جەنگ،هێگسێت سەردانی بارەگای فەرماندەیی ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئۆماهای ویلایەتی نەبراسکا و دواتر لەگەڵ کارمەندان و کارگێڕانی کۆمپانیای ئاشکاش لە ویسکانسێن کۆدەبێتەوە.

وەزارەتی جەنگ دەڵێت گەشتی جبەخانەی ئازادی ئامانجی گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەمەریکا و بەهێزکردنی سەربازی وڵاتەکەیە و جەخت لەسەر ئەو بۆچوونە دەکاتەوە کە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و ئاشتی جیهانی پەیوەستە بە بەهێزی و خێرایی بنکەی پیشەسازی بەرگری ئەمەریکاوە.

یەکێکی دیکە لە گرنگییەکانی بەرنامەکە بریتییە لە دووبارە بنیاتنانەوە و فراوانکردنی بنکەی پیشەسازی بەرگری بۆ پێشخستنی سیاسەتی سەرۆک ترامپ و وەزیری بەرگری کە "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە"یە.

وەزارەتی جەنگ هێزی کار و بەرهەمهێنانی ئەمەریکا بە پایەی هێزی نیشتمانی ناو دەبات و دەڵێت کارمەندانی ئەم کەرتە لەگەڵ سەربازیدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆ دەگێڕن لە بەهێزکردنی ئاسایشی وڵاتەکەدا.

هەروەها گەشتەکەی هێگسێت لەسەر ڕێبازە نوێیەکەی حکومەتە بۆ کڕین و دابینکردنی بەرگری. بەم مەبەستەش هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی یاسا و ڕێسا ئیدارییەکان دەدات بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرانی بەرنامەکان و پێشکەشکردنی گرێبەستی بەردەوام و درێژخایەن بۆ پیشەسازییەکان بۆ هاندانی وەبەرهێنان و فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان لەو بوارە سەربازییانەی کە پێویستە.

وەزارەتی جەنگ ڕایگەیاندووە ئامانجی کۆتایی ئەم گۆڕانکاریانە دروستکردنی سیستەمێکی پیشەسازی بەرگری چالاکانەتر و وەڵامدەرەوەترە کە بتوانێت ئەو ئامێرانە بۆ هێزەکانی ئەمەریکا دابین بکات کە لەکاتی پێویستدا دەبێت ئامادە بێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG