Accessibility links

سەرۆکی سوپای پاکستان بە سەردانێکی فەرمی جارێکی دیکە دەڕواتە تاران

دوابەدوای هەواڵەکان سەبارەت بە گەشتی عاسم مونیر سەرۆکی سوپای پاکستان بۆ تاران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە سەردانەکەی پشتڕاستی کردەوە و وتی ئەو بەرپرسە باڵایەی پاکستان ڕۆژی دووشەممە سەردانی تاران دەکات.

عاسیم مونیر شانبەشانی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە نێوەندگیری نێوان حکومەتی ئێران و ئەمەریکا و زەمینە خۆشکردن بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی مارشال عاسم مونیر سبەی دووشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی سەردانی تاران دەکات.

بەقایی وتیشی ئەم سەردانە هاوتەریبە لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنەی ئێران و پاکستان و هەوڵە بەردەوامەکانی پاکستان بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

سەفەری یەکێک لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا بۆ تاران دوای زیاتر لە دوو مانگ لە واژوکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن ئەنجام دەدرێت کە هیچ کام لە بڕگەکانی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک جێبەجێ نەکراون.

بە قسەی ئێران تەنگەی هورمز بە داخراویی ماوەتەوە و لە بەرامبەردا ئەمەریکا جارێکی دیکە گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێرانی دەستپێکردەوە.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بڕیارە پەردە لەسەر پلانێک لابدات کە بە گوتەی سکات بەسێنت، سزا ئابوورییەکانی سەر تاران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، تا ئەو ڕادەیەی کە گەورەترین دابڕان و گۆشەگیری ئابووریی هاوئاهەنگ لە مێژووی جیهاندا بێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG