Accessibility links

هەنگاوێکی مێژوویی بۆ نەخۆشانی نارکۆڵێپسی؛ ئەمەریکا یەکەم دەرمانی ئەم نەخۆشییە دەخاتە بازاڕەوە

بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) دەرمانی نوێی ئۆڤێپۆرێکسەتەن (oveporexton)ی پەسەند کرد بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی نارکۆڵێپسی جۆری یەکەم لە گەورەکاندا؛ بڕیارێک کە دەتوانێت پێشکەوتنێکی گەورە بێت لە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە دەگمەنەی کە وادەکات کێشەی خەوتن دروست بکات.

نەخۆشی نارکۆڵێپسی جۆری یەکەم یان خەواڵوویی نەخۆشییەکی درێژخایەنی دەمارەکانە کە وادەکات مێشک نەتوانێت بە باشی خولی خەو و بەئاگابوونەوە ڕێکبخات. نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی خەوتنی زۆر لە ڕۆژدا و لاوازبوونی لەناکاوی ماسولکەکان. ئەم نەخۆشییە زۆرجار لە تەمەنی منداڵی، هەرزەکاری یان گەنجێتیدا دەست پێدەکات، بەڵام هەندێک کەس دەتوانن ساڵانێکی زۆر بەبێ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لەگەڵیدا بژین. لە ئەمەریکادا لە هەر دوو هەزار کەس، نزیکەی یەک کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت.

ئەم دەرمانە کە بەرهەمی کۆمپانیای «تەکیدا»یە، نزیکەی 15 ساڵ کاری توێژینەوەی تاقیگەیی و تاقیکردنەوەی پزیشکی بۆکراوە. داواکاریی بۆ پەسەندکردنی دەرمانەکە لە10 ی مانگی دوو 2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا وەرگیرا و پێداچوونەوەی خێرای بۆکراوە، پاشان لە 5ی مانگی هەشتدا پەسەند کرا؛ ئەمەش نزیکەی دوو مانگ زووتر لە کاتی چاوەڕوانکراو بوو.

ئەم دەرمانە بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نوێ ڕێگرە لە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکە وبە هەنگاوێکی گرنگ لە بواری چارەسەری نەخۆشیی خەواڵوویی دادەنرێت. بەڵام پێش ئەوەی نەخۆشەکان بتوانن دەرمانەکە بەکاربهێنێت، پێویستە جۆر و پلەی نەخۆشیەکەیان لەلایەن پزیشکی تایبەتەوە دیاری کرابێت.

توێژینەوەکان نیشانیان داوە ئەم نەخۆشیە درێژخایەنە بەهۆی کەمی و لە کارکەوتنی ڕژێنێکە کە ناوی ئۆرێکسینە. ئۆرێکسین ماددەیەکی سروشتیی مێشکە کە ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی خەوتن، بەئاگابوونەوە و کۆنترۆڵکردنی ماسولکەکاندا هەیە.

ئەم دەرمانە نوێیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو بەشەی مێشک کاردەکات کە بە ئۆرێکسینەوە پەیوەندیدارە و هەوڵ دەدات کاریگەریی ئەم ماددەیە لە جەستەدا جێبەجێ بکات. دەرمانەکە بە شێوەی حەب بەکاردێت و دەبێت بە پێی ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێت.

لە توێژینەوە پزیشکییەکاندا کە 273 نەخۆشی بەساڵاچووی تووش بوو بە نەخۆشیی خەواڵویی بەردەوام جۆری یەک بەشدارییان تێدا کردبوو، توێژەرەکان بۆیان ئاشکرا بوو کە دەرمانە نۆێیەکە هەروەها نیشانەکانی نەخۆشیەکەش کەم دەکاتەوە و دەتوانێت ماوەی بە ئاگابوون زۆر بکات و وەنەووزدان کەم بکاتەوە. هەروەها ڕووداوەکانی لەناکاوی لاوازبوونی ماسولکەکان کەم بوونەتەوە و خەوتن و بەئاگابوونی بەیانی لە هەندێک نەخۆشدا باشتر بووە.

لە کاریگەرییە لاوەکییە باوەکانی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەکە،بریتین لە نەخەوتن، زیادبوون و زوو زوو میزکردن و زیادبوونی لیکی ناو دەم. لەبەر ئەوە پێویستە دەرمانەکە بە چاودێری و ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێت.

پەسەندکردنی ئەم دەرمانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تووشبوانی ئەم جۆرە نەخۆشییە، چونکە پێشتر زۆربەی ئەو دەرمانانەی بەردەست بوون زیاتر بۆ کەمکردنەوەی نیشانەی دیاریکراوی نەخۆشییەکە بەکاردەهێنران. ئەم دەرمانە ڕاستەوخۆ کار لەو ڕژێنە دەکات کە بەرپرسە لە دەردانی ئۆرێکسین و کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی فراوانتر کۆنترۆڵ دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی خواردن و دەرمانی ئەمەریکا پەسەندکردنی ئەم دەرمانە بە هەنگاوێکی گرنگ لە بواری چارەسەری نەخۆشیی نارکۆڵێپسی یان خەواڵوویی دادەنێت. ئەم پەسەندکردنە هیوایەکی نوێ بۆ ئەو نەخۆشانە دروست دەکات کە جۆری یەکی ئەم نەخۆشییەیان هەیە، بە تایبەتی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشییەکە کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان داناوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG