دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆییدا بە توندی بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و ڕایگەیاند ئەگەر پێویست بکات سەد جاری دیکە ئەو کارە دەکەمەوە و ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت و نابێت.
سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕادیۆی 77 WABC Radio گوتی ئێران هیچ بژاردەی دیکەی نەهێشتەوە جگە لە لێدانیان و لە هەمان بارودۆخدا ''سەد جاری دیکەش هەمان کار بەرامبەر بە ئێران دەکەمەوە.''
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە بارودۆخێکی زۆر باشدان لە جەنگ بەرانبەر بە ئێران و هێزەکانی ئەمەریکا تەنگەی هورمزیان کۆنتڕۆڵ کردووە و گورزی کەمەرشکێنیان لە ئێران داوە.
هەروەها گوتی ''سەرۆکەکانیانمان لەناو بردووە و ئێستا ئەمە بەشێکە لە کێشەکە. چونکە کەس نازانێت کێ ئێستا سەرکردەیانە.''
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی کە خەڵکی ئەمەریکا تێدەگەن بەهۆی ئێرانەوە نرخی بەنزین کەمێک گران بووە. بەڵام ئەوە دەزانن کە جەنگەکە بژاردە دروستەکە بوو. چونکە ئێران نەدەبووایە دەستی بگاتە چەکی ئەتۆم و نابێت هەرگیزیش دەستی پێی بگات.