Accessibility links

ئەمەریکا تا 10 ملیۆن دۆلار پاداشت پێشکەشی هەر کەسێک دەکات زانیاری لەسەر هاکەرەکانی سوپای پاسدارن بدات

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پاداشتێکی تا 10 ملیۆن دۆلار پێشکەش دەکات بۆ هەر کەس و لایەنێک کە زانیارییەکانی ببێتە هۆی ناسینەوە یان بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی چالاکی سایبری و ئەلیکترۆنی زیانبەخش و هاککردن بۆ سوپای پاسداران دەکەن.

بەرنامەکە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی مانگی هەشت لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لەو کەسانە کرد کە زانیارییان لەسەر چالاکیی هاکەرەکانی سەر بە حکومەتی ئێران هەیە و وتی زانیارییەکانیان بدەنە ئەمەریکا.

لە پەیامەکەدا هاتووە ئەو کەسانەی کە زانیاری بەسوود سەبارەت بە هاکەر و بریکارە ئەلیکترۆنیەکانی ڕێژیمی ئێران و کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەوان، یان چالاکییەکانیان پێشکەش بە ئەمەریکا بکەن، جگە لە وەرگرتنی خەڵاتی نەخێنە، ڕەنگە مافی گواستنەوەشیان بۆ شوێنی پارێزراو پێبدرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا بە تایبەتی باس لە تاوەری یاس لە تاران کراوە و دەڵێت ژمارەیەک لەو کەسانەی کە کاری ئەلیکترۆنی زیانبەخش بۆ سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران دەکەن، لەوێ نیشتەجێن.

ڕاگەیەندراوەکە هەروەها ئیلاهە یەزدی وەک دانیشتووی ئەو تاوەرە دەناسێنێت و دەڵێت ناوبراو هاوکارێکی نزیکی محەمەد باقر شیرینکار، بەرپرسێکی پەیوەندیدار بە فەرماندەیی سایبری و ئەلیکترۆنی سوپای پاسدارانە.

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری لە ژێر چاودێری خزمەتگوزاری ئاسایشی دیپلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاردەکات و پاداشتی دارایی پێشکەش دەکات بۆ زانیاری پەیوەست بە هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG