فەرماندەیی سەربازیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست (سێنتکۆم) ڕۆژی پێنجشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە کەناڵی ئێکس ڕایگەیاند کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن گەیشتووەتە دەریای عەرەبی لە نزیک تەنگەی هورمز.
دەریای عەرەبی بەرەو باکوور درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە دەریای عومان و پاشان تەنگەی هورمز.
سێنتکۆم بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی تیمی کەشتییەکە لە دەریای عەرەبیدا، ڕایگەیاندووە دەستەی کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن ڕۆژی چوارشەممە چووەتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەییەکە و لە چوارچێوەی ئەرکە پلان بۆ داڕێژراوەکەیدا لە ناوچەکە کاردەکات.
پێشتر ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ و سی ئێن ئێن و ئێن بی سی نیوز بڵاویانکردبووەوە کەشتیی ئەبراهام ڵینکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنرێتەوە بۆ ئەوەی کەشتیی یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن جێگەی بگرێتەوە.
هەواڵی جێگیرکردنی کەشتییە جێگرەوەکە دوای ئەوە هات کە هەواڵەکان باسیان لە خراپی بارودۆخی تیمی کەشتییەکەی ئەبراهام ڵینکن کرد. بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا ڕەتیان کردەوە کە بارودۆخی کارمەندان و سەربازانی نێو کەشتییەکە خراپ بێت.
نزیکەی نۆ مانگە کەشتیی ئەبراهام ڵینکن بۆ پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دەریادایە.