Accessibility links

ئەمەریکا: حەڤدە ئێرانی بە تۆمەتی تاوانی سایبەر دادگایی دەکرێن

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، حەڤدە کەس تۆمەتی تاوانکارییان رووبەڕووکراوەتەوە لەبەرامبەر ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دزینی سایبەر لە بەرژەوەندی سوپای پاسدارانی ئێران و دەزگای ئێرانی دیکە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە هاکەرەکانی دامەزراوەی مەبنا هێرشیانکردووەتە سەر سەدان زانکۆ و کۆمپانیا و لایەنی دیکە بەمەبەستی دزینی توێژینەوە و داتای تایبەت و ئەکادیمی و موڵکی هزریی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە 14 تۆمەتی یاسایی نوێکراوە رووبەڕووی ئەو حەڤدە ئەندامەی دامەزراوەی مەبنا کراونەتەوە.

دامەزراوەی مەبنا کۆمپانیایەکە لە ئێران کە لە ساڵی 2013 وە هەڵمەتێکی رێکخراوی دزەکردنی سایبەریی بەگەڕخستووە بۆ چوونەناو سیستەمی کۆمپیوتەریی 144 زانکۆی ئەمەریکی، 178 زانکۆی بیانی، و لانیکەم 42 کۆمپانیای ئەمەریکی کەرتی تایبەت، و لانیکەم 11 کۆمپانیای کەرتی تایبەتی بیانی، و لانیکەم پێنج دەزگای حکومیی فیدراڵی و ویڵایەتەکان، و لانیکەم دوو رێکخراوی ناحکومی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەزگای مەبنا 31 تێرابایت داتای ئەکادیمی و موڵکی هزریی لەو زانکۆیانە دزیوە، هەروەها ئیمەیڵی کارمەندانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و ئاژانسە حکومییەکان و ناحکومییەکانیشی دزیوە.

بەیاننامەکە باس لەوەدەکات کە تۆمەتباران زۆربەی ئەوکارانەیان لەبری سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامداوە، کە یەکێكە لە چەندین دامەزراوەی حکومەتی ئێران کە بەرپرسیارە لە کۆکردنەوەی هەواڵگری. هەروەها لەبری دەزگای حکومی دیکە و زانکۆش ئەو کارەیان ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە نۆ لەو 17 تۆمەتبارە تۆمەتی نوێکراوەیان رووبەڕووکراوەتەوە کە پێشتر حەوت تۆمەتیان رووبەڕووکرابووەوە کە لە مانگی سێی 2018 راگەیەندرابوو. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دۆسیەکە چۆتە لای دادوەر جێسی ئێم فیورمان، دادوەریی ناوچەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

جۆن ئایزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری دادی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئەم تۆمەتە نوێکراوانە ئەوە لەخۆدەگرن کە ئەم تۆمەتبارانە، لەبری چەند دەزگایەک، لەنێویاندا سوپای پاسدارن، هاکی زانکۆکان و دامەزراوەکانی توێژینەوەیان لە سەرتاسەری دنیا، لەنێویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەنجامداوە." هەروەها وتیشی کە بەو کارەیان "لانی کەم 31 تێرابایت زانیاری و موڵکی هزرییان دزیوە کە بەهاکەیان لەژماردن نایەت."

ئازینبێرگ ئەوەشی وت کە "بەشی ئاسایشی نیشتمانی پابەندە بە پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کاری نێچیروانیی لەو جۆرە و دەکەوێتە دوای ئەوانەی ئەو تاوانانە ئەنجامدەدەن، جا هەرچەندێک بخایەنێت، و رووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە."

جەیمی ماکدۆناڵد، داواکاری گشتی لە کەرتی باشوری نویۆرک رایگەیاند کە "تۆمەتەکانی ئەمڕۆ، کە هەشت تۆمەتباری دیکەش لەخۆدەگرن، ئەو تۆڕە فراوانترە ئاشکرادەکەن کە لە پشت ئەو هەڵمەتە بەرفراوانە دەوڵەت سپۆنسەرییەوەن کە بەرپاکراوە بۆ دزینی توێژینەوە و موڵکی هزریی لە زانکۆ و بزنس و دامەزراوە ئەمەریکاییەکان." هەروەها وتیشی "زیاد لە هەشست ساڵ دوای یەکەم تۆمەتڕووبەڕووکردنەوە، ئەم تۆمەتانەی ئێستا بەڕوونی دەریدەخەن کە تێپەڕبوونی کات رێمانلێناگرێت لە دەستنیشانکردن و شوێنکەوتنی ئەوانەی لەدەرەوە ئەمەریکا دەکەنە ئامانج."

هەروەها باسی لەوەشکرد کە ئۆپراسیۆنە سایبەرییەکان بوونەتە ئامرازێکی سەرەکی دەوڵەتان و هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی و کارتێکەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر ئاسایش و هێزی ئابووری.

جەیمس مەکدۆناڵد لە دێژەی قسەکانیدا ووتی "نوسینگەکەی ئێمە و هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین لە پاراستنی داهێنانەکانی ئەمەریکا و شوێنی ئەوانە دەکەوین کە لە پشت ئەم هێرشانەوەن."

برێت لێزەرمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) بۆ بەشی سایبەر، باسی لەوەکرد کە لە تۆمەتە رووبەڕووکراوەکاندا هاتووە کە تۆمەتباران ئۆپراسیۆنی هاککردنی بەرفراوانیان دامەزراندووە وەک سەرچاوەیەکی قازانجکردن لە فرۆشتنی بابەت دزراوەکانیان و "موڵکی هزریی زانکۆ و کۆمپانیا و ئاژانسە حکومییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیان کردۆتەئامانج لەبەرژەوەندی حکومەتی ئێران."

هەروەها لێزەرمان وتیشی "تۆمەتەکانی ئەمڕۆ بۆ دووژمانانی سایبەر لە هەر کوێ بن رووندەکاتەوە کە یادەوەریی ئێف بی ئای زۆر درێژە، و تێپەڕبوونی کات لە سوربنمان کەمناکاتەوە بۆ گەیاندنیان بە دادگا." هەروەها ئەوەشی زیادکرد "ئێف بی ئای بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ دەزگا هاوبەشەکانی سەپاندنی یاسا و کەرتی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی کارا نیەتەخراپەکانی سایبەر و پەکخستنی ئۆپراسیۆنەکانیان،" هەروەها وتیشی "وایان لێدەکەین زۆر لەسەریان بکەوێت، لە هەر کوێیەک بن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG