Accessibility links

کۆریای باشوور خوازیاری گفتوگۆی ئاشتیە لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکور دوای کەمکردنەوەی مانۆڕە سەربازییەکان

کۆریای باشور ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندا، هیواخوازە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆن ئون ی سەرکردەی کۆریای باکور ببێتە مایەی گفتوگۆ لەپێناو برەودان بە ئاشتی و سەقامگیری لە نیمچەدورگەی کوریا، پاش ئەوەی ترامپ داوای کەمکردنەوەی بەرچاویکرد لە مەشقە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشور.

لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆریای باشوردا هاتووە کە چەندین کەناڵی میدیایی کۆریای باشور و سیئۆل پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە بە دابینکردنی کۆمەک بۆ ئەو هەوڵەی ئاشتی. دەوترێت کە لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێمە هەوڵە دیپلۆماتییە پێویستەکان دەدەین وەک بەرقەرارکەری ئاشتی، بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ ئەمەریکا."

وەڵامەکەی کۆریای باشوور دوای رۆژێک هات لە پۆستەکەی سەرۆک ترامپ لە تروث سۆشیال کە تیایدا هاتووە فەرمانی بە پیت هێکسێتی وەزیری جەنگ کردووە مەشقی سەربازی 11 رۆژیی قەڵغانی سەربەستیی ئوڵچی کەمبکاتەوە کە رۆژی دووشەممە دەستپێکرد.

ترامپ وتی کە بڕیارەکەی لەسەربنەمای "پەیوەندی زۆر باش"ی خۆی بووە لەگەڵ کیم و هەروەها تێچووی ئەو مانۆڕە.

ترامپ نوسیویەتی "ئەو مەشق و مانۆڕانە نەک تەنها تێچوویان زۆرە، کە زۆربەی ئەو تێچووانە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دەردرێن (وەک هەمیشە!)، بەڵکو پەیامێکی نەشیاو و دوژمنکارانەش دەگەیەنن بە وڵاتێ کە لەو کاتەوەی دۆناڵد جەی ترامپ سەرۆکە هیچ هەڕەشەیەکی نەکردووە و ڕێزی پێشانداوە."

ترامپ لە پۆستەکەیدا ئەوەشی وتووە کە دوای ئەوەی داوای لە "سەرۆکی کۆریای باکور کرد ئایا دەخوازن بێنەپاڵمان بۆ ڕێگە نەدان بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." لە وەڵامدا وتوویانە "نەخێر".
ترامپ و کیم لەوادەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترامپدا سێ جار یەکدیان بینیوە. رۆژی شەممە ترامپ وێنەیەکی پێکەوەیی هەردوو سەرکردەی بڵاوکردەوە و نوسیبووی "کیم جۆن ئون و من زۆرچاک پێکەوە هەڵدەکەین!".

کۆریای باکور بەردەوام مەشق و مانۆرە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوری رەتکردۆتەوە و وەهای نیشانداون کە هەڕەشەن بۆ سەر کۆریای باکور. هەروەها بەردەوامیش وەڵامی ئەو مانۆڕانەی بە تاقیکردنەوەی هاویشتنی مووشەک داوەتەوە، لەنێویاندا هەفتەی ڕابردوو کە مووشەکێکی بالیستی بە ئاڕاستەی دەریای ژاپۆن هاویشت.
ئەو موشەک هاویشتنەش پاش چەند رۆژێک هات لە تەواوبوونی مەشقێکی هاوبەشی مارینزی ئەمەریکی و هێزە سەربازییە کۆرییەکان کە لە کۆریای باشور ئەنجامدران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG