Accessibility links

ڕۆیتەرز: گەمارۆدانی وشکانی یەکێکە لە بژاردەکان بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر تاران

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا پلانەکانی بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی بەرچاو ڕاگەیاندووە. ئەم هەنگاوە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە سکات بەسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە هەفتەی داهاتوودا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی بێ وێنە دژ بە ڕێژیمی ئێران دەگیرێنەبەر کە جیهان بە خۆیەوە نەیبینیوە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئابوورییەوە زەبرێکی سەختی لێدەکەوێت. لەو کاتەوەی ئەمەریکا دەستی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردووە دژی ڕژێمی ئێران، سزای زیاتری بەسەر کەرتی دەریایی، وزە و دارایی ئێراندا سەپاندووە و هەروەها گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە.

داتاکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا (OFAC) دەریدەخەن کە لە سەرەتای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆک ترامپەوە زیاتر لە هەزار کەس و کەشتی و فڕۆکە کراونەتە ئامانجی سزاکانی ئەمەریکا.

لەم دواییانەشدا ئەمەریکا،"بەلەمە سێبەر"ەکانی کۆماری ئیسلامی، کۆمپانیاکانی بیمەی کەشتیوانی، تۆڕەکانی دابینکردنی چەک و ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی کردووەتە ئامانج. هەروەها نزیکەی 500 ملیار دۆلار دراوی کریپتۆ کە پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، سڕ کراون.

بە گوێرەی ڕۆیتەرز، سەرۆک ترامپ چەند بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدایە بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی. یەکێک لەوانە فراوانکردنی سزاکانی سەر پاڵاوگە سەربەخۆکانی چینە کە بە تی پات ناسراون. چین زیاتر لە سەدا 80ی هەناردەی نەوتی ئێران دەکڕێت و بەشێکی زۆری بۆ ئەو پاڵاوگانە دەڕوات.

بژاردەی دووەم بریتییە لە سزادانی بانکە گەورەکانی چین. ئەمەریکا پێشتر سەزای بەسەر کۆمپانیا و دامەزراوە بچووکەکانی چین و هۆنگ کۆنگی بە تۆمەتی پرۆسێسکردنی داهاتی نەوتی ئێرانی سەپاندبوو. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێشتر هۆشداری داوە بە دوو بانکی گەورەی چینی سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی پارەی ئێرانی، بەڵام هێشتا سزای بەسەردا نەسەپاندوون. شارەزایان دەڵێن هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرفراوانی دارایی هەبێت.

ڕۆیتەرز دەڵێت بژاردەکانی دیکەی بەردەم سەرۆک ترامپ سەرکوتکردنی تۆڕەکانی ئێران، چین و ناوچەکەیە کە سزاکانی ئەمەریکا پێشێل دەکەن و دەڵێت دەبێت ڕێوشوێنەکان دژی کڕیارانی نەوت، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی و شوێنەکانی ئاڵوگۆری پارە بە چڕی بگیرێنەبەر و پێش بە دابینکردنی پێداویستیەکانی کۆماری ئیسلامی بگرن و هەروەها دەکرێت سزای زیاتر لەسەر کەرتی فڕۆکەوانی ئێران بسەپێندرێت بۆ سنووردارکردنی ڕێگا بازرگانییە بەدیل و سێبەرەکان.

ئەو ئاژانسە هەروەها نووسیویەتی بژاردەی فراوانتر بریتییە لە دروستکردنی جۆرێک لە گەمارۆی وشکانی بە هاوکاری وڵاتانی دراوسێی ئێران. ڕێوشوێنێکی لەو شێوەیە پێویستی بە بەشداری وڵاتانی لەوانە عێراق، تورکیا، پاکستان، ئازەربایجان و ئەرمینیا دەبێت.

هەروەها ڕۆیتەرز دەڵێت بژاردەی دیکەی سەرۆک ترامپ دەتوانێت سەپاندنی باج بەسەر ئەو وڵاتانەدا بێت کە بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکەن. لەم دواییانەدا ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە ئەگەر لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت، دەتوانێت دەسەڵاتی نوێ بە سەرۆک بدات بۆ سەپاندنی ئەو جۆرە باجانە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG