Accessibility links

فەرماندەی سێنتکۆم لە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ بەرپرسانی باڵای شەش وڵات و هێزەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند دەریاوان براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم گەشتی 10 ڕۆژەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە 15ی مانگی هەشت کۆتایی پێهێناوە و لەو سەردانەدا کۆپەر سەردانی شەش وڵات و کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی لە دەریای عەرەبی کردووە.

لە گەشتەکەدا براد کوپەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و مەدەنی لە بەحرەین، عێراق، ئیسرائیل، ئوردن، سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبووەوە و هەروەها لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکاش لە ناوچەکە کۆبووەوە. بەپێی ئاماری سێنتکۆم لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکراون.

فەرماندەی سێنتکۆم هەروەها بەشداری لە مەراسیمی گواستنەوەی فەرماندەیی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە ئوردن کرد، کە جەنەڕاڵ کیڤن لامبێرت فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانی ڕادەستی دەریاوان لیام هۆلین کرد.

لە بەشی دەریایی گەشتەکەیدا، کوپەر سەردانی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام ڵینکنی کرد لە دەریای عەرەبی. لەگەڵ دەریاوانەکان و هێزی دەریایی لەناو کەشتییەکەدا کۆبووەوە و ستایشی کارکردن و بوێری کردن.

فەرماندەی سینتکۆم سەبارەت بە ئەرکی ئەو کەشتییە جەنگییە وتی "مێژوو ئەم جێگیرکردنە وەک یەکێک لە بەهێزترین و یەکلاکەرەوەترین ئەرکە ئۆپەراسیۆنییەکان لە سەردەمی مۆدێرن تۆمار دەکات."

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی سێنتکۆم، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام ڵینکن کە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردووەوە لە سان دیێگۆوە ڕەوانە کرا و لە مانگی یەکدا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئێستا هەزاران گەشتی ئەنجامداوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی تۆڕەیی ئەفسانەیی و ئەرکە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەروەها سەپاندنی گەمارۆی بەردەوامی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG