وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سوپای ئەمەریکا دەتوانێت درێژە بە گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران بدات تا ئەو کاتەی پێویست بێت.
پێت هیگسێت لە میانی سەردانێکیدا بۆ پەناما ڕۆژی پێنجشەممە وتی، "هێزی دەریایی ئەمەریکا دەتوانێت ئەم جۆرە گەمارۆیە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوامی پێبدات، لەکاتێکدا ئێمە کار لەسەر گۆڕینی کەشتییەکان دەکەین، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا کردوومانە و بەردەوامیش دەبین.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) دەڵێت، گەمارۆی دەریایی ئێران بە توندی جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا دەیان کەشتیی بازرگانی ناچار کراون ئاڕاستەی خۆیان بگۆڕن. هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا کەشتییەکی بە دوو مووشەک لەکارخستووە کە هەوڵی پێشێلیکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکای دەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێشتر لە پۆستێکدا لە تروث سۆشیاڵ ڕایگەیاند "ئەمەریکا کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی هورمزی کردووە و دەڵێت بەردەوام دەبین لەو کارە".