فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند تا ڕۆژی چوارشەممە 12ی مانگی هەشت هێزەکانی ئەمەریکا 59 کەشتی بازرگانییان ناچار کردووە لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریایی ئێراندا ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن.
سێنتکۆم لە ڕاگەیاندراوە نوێیەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە سەرەڕای گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو کەشتیانە، لە ماوەی خولی نوێی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران، هێزەکانی ئەمریکا هەروەها سێ کەشتییان لەکار خستووە و پشکنینیان بۆ دوو کەشتیش کردووە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواویان بە ڕێساکانی گەمارۆکەوە.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە ڕایگەیاند ئەمەریکا کۆنترۆڵی تەواوی تەنگەی هورمزی کردووە و پارێزگاری لە تەنگەکە دەکات. هەروەها گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی بە دیواری پۆڵایین ناوبرد و وتی ئێران ناتوانێت هیچ بۆ لابردنی بکات.
بەڵام ئێران دەڵێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەشێکی زۆری ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی کۆنترۆڵ کردووە و ئەمەریکا دەبێت هەموو مەرجەکانی تاران قبوڵ بکات بۆ ئەوەی بکرێتەوە، لەوانەش وەرگرتنی قەرەبوو لە ئەمەریکا بۆ زیانەکانی جەنگ.