Accessibility links

سوپای ئەمەریکا: کەشتییەکمان بە دوو مووشەک ڕاگرت کە بەرەو ئێران دەڕۆیشت

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕۆژی سێشەممە 11ی مانگی هەشت ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای پەنەمایان لە دەریای عومان کردووەتە ئامانج، کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران داوە.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە کەشتیی "ڤێلا نۆڤا" بەرەو بەندەرێکی ئێران ڕۆیشتووە و تیمەکەی گوێیان بە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا نەداوە.

چەند کاتژمێرێک پێشتر بەرپرسێکی ئەمەریکایی و سەرچاوە ئەمنییەکانی دەریایی ڕایانگەیاندبوو کە کەشتییەکی بارهەڵگر کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە لە دەریای عومان کراوەتە ئامانج. بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو کەشتییەکە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکای پشتگوێخستووە و هەوڵی شکاندنی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران داوە.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، هەلیکۆپتەرێکی جۆری ئێم ئێچ 60ی هێزی دەریایی ئەمەریکا دوو مووشەکی ئاراستەی ژووری بزوێنەری کەشتییەکە کردووە و سیستەمی ڕێنماییکردنی کەشتییەکە لەکارخستووە. سێنتکۆم دەڵێت ڕۆیشتنی کەشتییەکە بەرەو ئێران وەستاوە.

پێشتر ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە، کۆپتەرێکی سەربازی ئەمەریکایی تەقەی لە کەشتییەکە کردووە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکای بۆ جێبەجێکردنی گەمارۆی بەندەری ئێرانیان پشتگوێ خستووە.

بەپێی ئامارەکانی سێنتکۆم، تا 11ی مانگی هەشت، هێزەکانی ئەمەریکا 55 کەشتیی بازرگانییان ناچار کردووە رێرەوی خۆیان بگۆڕن و سێ کەشتییان لەکارخستووە و پشکنینیان بۆ دوو کەشتی دیکە کردووە.

ئەمەریکا دەڵێت گەمارۆی دەریایی ئێران بە تەواوی هێزی خۆیەوە بەردەوام دەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG