Accessibility links

دارلین گراهام: جیاوازی من و لینزی لە سیاسەتی دەرەوەدایە

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دووشەممە ناوی بنکەی ئاسمانی هاوبەشی چارسلتنی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور گۆڕی بۆ بنکەی ئاسمانی هاوبەشی لینزی گراهام، وەک ڕێزلێنان لە خزمەتی سەربازیی گراهام و تەرخانکردنی ژیانی بۆ هاوکاری سوپا.

مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی وەزیری جەنگ، پیت هێگسێت و چەندین کاربەدەستی حکومی و سیناتۆر دارلین گراهام، خوشکی لینزی گراهام، کە بەشێوەیەکی کاتی لەپۆستەکەی ئەودا کاردەکات، بەڕێوەچوو.

سناتۆر دارلین گراهام، کە سەرۆک ترامپ پشتگیری دەکات، بڕیایری داوە کە خۆی بۆ کورسییەکەی لینزی گراهام کاندیدبکات. بڕیارە مانگی یانزە هەڵبژاردن بکرێت و ئەگەر سەرکەوتوبێت ئەوا بۆ ماوەی شەش ساڵ نوێنەرایەتی ولایەتی کارۆلاینای باشوور دەکات.

لینزی گراهام لە چالاکترین سیناتۆرەکانی ئەمەریکا بوو لە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی. ئەو یەکێک بوو لە بەهێزترین داکۆکیکاران لە کورد و لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی کارکردنی لە ئەنجومەنی سینات دەنگێکی ناسراو بوو بۆ بەرگریکردن لە کورد.

هەرچەندە لینزی و دارلینی خوشکی پەیوەندییان زۆر پتەوبوو و لە چەندین پرسدا هاوبۆچوون بوون، بەڵام وادیارە لە پرسی سیاسەتی دەرەوەدا جیاوازییان هەیە.

بەپێی پۆستێکی ڕۆژنامەنووسێکی میدیای ئێم ئێس ناو، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچەی وێست کۆڵۆمبیا، سیناتۆر دارلین گراهام ڕایگەیاند کە سەرنجی ئەو لەسەر باردودۆخی ناوخۆی ئەمەریکایە نەک سیاسەتی دەرەوە، "هەردووکمان باوەڕمان بە بنەما و بەهای موحافیزکارەکان هەیە، بەڵام من لە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی دەرەوەدایە، من زیاتر گرنگی دەدەم بە کێشەی ژیانی ڕۆژانە و دابینکردنی بژێوی خێزان، چونکە دەزانم چەند ئەستەمە لە مووچە بۆ مووچە بژیت."

وتەکانی دارلین ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاڕاستەی کار و بایەخی ئەو جیاواز دەبێت لە لینزی برای، کە زۆربەی کاتی خۆی بۆ سیاسی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی تەرخانکردبوو وە لەبەر ئەوەش زۆرجار بووەتە جێی ڕەخنەی ڕکابەرە سیاسییەکانی.

هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزە چارەنووسی سیاسیی دارلین گراهام دیاری دەکەن. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، جۆری ئەو لیژنانەی کە لە سێنات دەبێتە ئەندام تێیاندا گرنگ دەبێت. بە تایبەتی ئەگەر پەیوەندییان بە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی هەبێت، ئەوا ئاماژەیەکی گرنگ دەبن لەبارەی ئەوەی تا چەند ئەو بوارانە بەشێک لە کاری سیاسیی داهاتووی پێکدەهێنن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG