مایک واڵتز باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێران زیاتر لە دەرئەنجامەکانی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا دەترسێت وەک لە فشارە سەربازییەکان و ئاماژەی بەوەدا کە تاران لە ماوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دانوستانکارانی ئەمەریکادا سەرنجی لەسەر پرسی سەروەت و سامانە سڕکراوەکانیەتی.
والتز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاند، گوشارە ئابوورییەکان، هاوکات لەگەڵ گەمارۆکان، دوو بابەتی سەرەکین کە تاران ناچار دەکەن کە دێژە بە دانوستانەکان بدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران وەک خۆی تاڕادەیەک بەرگەی هێرشە سەربازییەکان دەگرێت، بەڵام قەیرانی ئابووری گوشارێکی توندترە بۆ سەر حکومەتی ئێران.
والتز باسی لەوەشکرد، ئێران زیاتر لە پیت هێگسێت وەزیری جەنگ دەترسێت بەراود بە سکات بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕۆژی یەکشەممە، واڵتز ڕایگەیاند کە ئێران لە خەمی سەربازی و گەلەکەیدا نییە، دوای ئەوەی 40 هەزار کەسی کوشتووە.
والتز باسی لەوەشکرد، لایەنی ئێرانی، لە کاتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دانوستانکارانی ئەمەریکایدا، سەرنج دەخاتە سەر پرسی دراوە سڕکراوەکان و ئەگەری دەستڕاگەیشتن بەو سەروەت و سامانانەی کە ئەمەریکا سڕی کردوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئەمەریکا دانوستانی "بێدەنگ" لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات، هەروەها ئاماژەی کرد بە گرنگیدان بە زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئەو وڵاتە.
ترەمپ بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ئێمە تەنها لە پەیوەندی بەو ڕێژە بەرزەی هەڵئاوسانەوە کە ئەوان ڕووبەڕووی بوونەوە و ئەو ڕاستیەی کە بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن، چاودێری ئێران دەکەین.
ترامپ وتی، گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ئابووری ئێران تا ئەو ڕادەیەی کە ئێران ناتوانێت خەرجی هێزەکانی بدات.