سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا پەیوەندی سنووردار لەگەڵ ئێران هەیە و لە جیاتی فەرمانی ئۆپراسیۆنی سەربازی نوێ بە دوای ئەوەدایە فشارە ئابورییەکان بۆ سەر ئێران زیاد بکات.
دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕۆژی یەکشەممە 9ی مانگی هەشت ڕایگەیاند ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە لە"دۆخێکی زۆر خراپ"دایە و پارەی نییە مووچەی هێزەکانی دابین بکات.
ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا قەیرانی ئابووریی ڕێژیمی ئێرانی گەورەتر کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد بە نیازە لە جیاتی فەرمانی ئۆپراسیۆنی سەربازی نوێ، گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران زیاد بکات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا بەهۆی نەکردنەوەی تەنگەی هورمز لە لێواری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکان بۆ سەر ئێران بوو.
ئەکسیۆس باس لەوە دەکات ترامپ لەو چاوپێکەوتنەدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ هەڕەشەی سەربازی نوێی نەکردووە.
هەروەها توڕەیی و ناڕەزایی خۆی لە دواکەوتنی ئێران لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن لەگەڵ عومان بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەرنەبڕیوە.
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لیستی نوێی داواکارییەکانیان بۆ مۆڵەتدان بە کەشتی لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە بڵاوکردەوە.
سەرۆک ترامپ وتی ئێمە خەریکین وردە وردە دەچینە پێشێ و ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە تەنها گفتوگۆیەکی سنووردارمان لەگەڵیاندا هەیە." وتیشی "ئێمە سەیری هەڵاوسانی زۆر و ئەو ڕاستییەی ئێران کە چیدیکە هیچ پارەی نییە، دەکەین."
سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە هەوراز و نشێوی ململانێکان لەگەڵ ئێران وتی "لە کۆتاییدا چاک دەبێت، هەمیشە هەر وایە. وەک یاری شەترەنج وایە."