Accessibility links

نەتانیاهۆ: ئیسرائیل لە غەززە ناکشێتەوە تا حەماس بە تەواوی چەک نەکرێت

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە 9ی مانگی هەشت ڕایگەیاند وڵاتەکەی پلانی 15 خاڵیی کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ چەک داماڵین لە غەززە ڕەتدەکاتەوە و وتی سوپای ئیسرائیل تا ئەو کاتەی حەماس بە تەواوی چەک نەکرێت، لەو ناوچانەی کەرتی غەززە کە کۆنتڕۆڵیان دەکات ناکشێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ لە سەرەتای کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەکەیدا رایگەیاندووە "دەمەوێت ئەمە ڕوون بکەمەوە: ئیسرائیل بەڵگەنامەی 15 خاڵی ڕەتدەکاتەوە."

"دەستەی ئاشتی" کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەوڵدەدات نەخشەڕێگای خۆی بۆ ئایندەی غەززە لە دوای جەنگ پێشبخات. حەماس ئەو پلانەی قبوڵ کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان داوە کە ئەو گرووپە لە ئەم پڕۆسەیەی ئێستا بۆ پێشگرتن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل کەڵک وەردەگرێت.

کابینەی ئەمنی ئیسرائیل پێشتر ڕەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر چوونە ژوورەوەی "هێزێکی نێودەوڵەتی" بۆ ناو غەززە بۆ چەک داماڵین لە حەماس و کۆنترۆڵکردنی خاکەکە. بەڵام ژمارەیەک بەرپرس و وەزیرانی باڵای ئیسرائیل داوایان لە سەرۆکوەزیران کردبوو کە بەڕوونی ئەوە بخاتەڕوو کە پابەندی مەرجەکانی پلانەکە نابێت کە وادەکات سوپای ئیسرائیل لە بەشێک لە غەززە بکشێتەوە.

لە وەڵامی ئەم بانگەوازانەدا نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە تا حەماس بە تەواوی چەک نەکرێت، سوپای ئیسرائیل ناکشێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد مەبەستی لە چەکداماڵینی حەماس، ڕادەستکردنی هەموو جۆرە چەکێکی ئەو گرووپەیە، لە چەکی قورس، چەکی سووک و هەموو چەکەکان و وتی ئیسرائیل تەنها "چەکداماڵینی ڕاستەقینە قبوڵ دەکات، نەک تەنها نمایش."

نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو شتانەدا دەوەستێتەوە کە دژی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانییەتی، هەروەها سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆن و هەڕەشەکان بۆ سەر سوپاکەی و هاووڵاتیانی.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها دووپاتی کردەوە کە ڕازی نابێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە کەرتی غەززە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG