Accessibility links

تورکیا: ڕێککەوتنی بەرگری لەگەڵ پاکستان و سعودیە وەک مادەی 5ی ناتۆ وایە، بەڵام دژی ئێران نییە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند پەیمانی بەرگری کە لە نێوان تورکیا، پاکستان و سعودیە واژۆ کراوە، لە ڕووی تەکنیکییەوە هاوشێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مادەی پێنجەمی ناتۆیە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنەکە دژی ئێران نییە.

سێ وڵات ڕۆژی هەینی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککەیان واژۆ کرد کە ڕێککەوتنێکە لە نێوان هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، ئەمەش لەمیانەی هەڵکشانی کێشە و ئالۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەندەرەکانی گواستنەوەی وەزە.

فیدان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بە حکومەتی تورکیای ڕاگەیاندووە، هاوپەیمانی نوێ لە دژی ئێران یان هیچ وڵاتێکی دیکە پێکنەهاتووە و ئامانجی ئەو هاوپەیمانێتییە دابینکردنی پابەندبوونێکی گشتییە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی سێ وڵاتی ئەندام.

ئاماژەی بەوەشکرد لەئەگەری هێرش بۆ سەر هەر یەک لەو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە، وڵاتانی ئەندام بە ڕاوێژکردن لەگەڵ یەکتر بڕیار لەسەر فۆرم و شیواز و ئاستی ئەو پشتگیرییە دەدەن بۆ یەکتری و وتی بەڵام تا یەکێک لە وڵاتانی ئەندام هێرشی نەکرابێتە سەر، هیچ وڵاتێک بە هەڕەشە هەژمار ناکرێت.

تورکیا کە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لە ناتۆ، پێشتر ڕایگەیاندبوو پەیماننامەکە دەتوانێت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بگرێتەوە و مەبەست لێی جێگرەوەی هیچ هاوپەیمانێتییەکی ئێستا نییە.

فیدان وتی ناتۆ هاوپەیمانییەکی گەورەی سەربازییە و 32 وڵات تێیدا ئەندامە، ئێمە لێرەوە لەگەڵ سێ وڵات دەستمان پێکردووە و پێویستە هەنگاوی پراکتیکی بنێین.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها ڕایگەیاندووە لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییەدا لیژنەیەک لە وەزیرەکان، هاوشێوەی ناتۆ پێکدێت و هەروەها سکرتاریەتێکی گشتی لە سعودیە دادەمەزرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕێککەوتنەکە لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەدا دیاری دەکرێت.

فیدان ئاماژەی بەوەشکرد میسریش دەتوانێت پەیوەندی بەو هاوپەیمانییەوە بکات دوای چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تەکنیکی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG