سیناتی ئەمەریکا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمارییەکاندایە پڕۆژە یاسایەکی کاتی پەسەند کرد بۆ دابینکردنی بودجە بۆ دەزگا فیدراڵیەکان هەتا 11ی مانگی 12.
هەنگاوەکەی ئەنجومەنی سینات بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی حکومەت کەمتر لە سێ مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی مانگی یازدە دێت.
ئەنجومەنی نوێنەران کە لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمارییەکاندایە، مانگی ڕابردوو پلانی کاتی خۆی بۆ دابینکردنی بودجە پەسەند کرد. پێویستە هەردوو ئەنجومەنەکە، واتە ئەنجومەنی نوێنەران و سینات ناکۆکیەکانیان چارەسەر بکەن پێش ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ واژۆ لەسەر یاساکە بکات.
بەپێی یاساکانی ئەمەریکا، کۆنگرێس دەبێت بودجە و دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە بۆ حکومەتی فیدراڵ پەسەند بکات. حکومەت ناتوانێت بەبێ دەسەڵاتی یاسایی پارە بۆ خەرجییەکان بەکاربهێنێت. ئەگەر بودجە یان یاسای کاتیی دابینکردنی دارایی لە کاتی دیاریکراودا پەسەند نەکرێت، ئەو بەشانەی حکومەت کە بودجەیان پێ نەگەیشتووە ناچار دەبن زۆرێک لە چالاکییەکانیان بوەستێنن، کە بە "داخستنی حکومەت" ناسراوە.
لەو دۆخەدا، بەشێک لە فەرمانبەرانی فیدراڵ بە شێوەی کاتی دەخرێنە مۆڵەتی بێ مووچە، لە کاتێکدا فەرمانبەرانی پێویست بۆ خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن، بەڵام ڕەنگە تا چارەسەرکردنی کێشەی بودجە مووچەکانیان وەرنەگرن.
ئەم رێککەوتنەی کۆنگرێس بۆ پەسەند کردنی بودجە تا مانگی 12 دەبێتە هۆی ئەوە حکوومەت تا ئەو کاتە بتوانێت پارەی پێویست بۆ چالاکیەکانی خۆی بەکار بێنێت و تا ئەو کاتە دانەخرێت.