Accessibility links

سینات 'دۆناڵد بلۆم' ی بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک پەسەند کرد

ئەنجوومەنی سیناتی ئەمەریکا دۆناڵد بلۆمی پەسەند کرد بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، پۆستێک کە بەرپرسی جێبەجێکردنی بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە بەرامبەر بە عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بلۆم دیپلۆماتکارەو و نزیکەی سی ساڵ خزمەتی لە کاروباری دەرەوەی ئەمەریکادا هەیە. ئەو پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە پاکستان و تونس و هەروەها لە پۆستە دیپلۆماسییەکاندا لە عێراق و کوەیت میسر و ئەفغانستان کاریکردووە. هەروەها لەسەر مەلەفی وڵاتانی کەنداو و ئێرانیش کاریکردووە.

رۆژی 16 مانگی حەوت لیژنەی پەیوەندییە کانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات دانیشتنێکی بۆ هەڵسەنگاندنی بلۆم ئەنجامدا.

لە وتاری دەستپێکی خۆیدا بلۆم جەختی لەسەر ئەزموونی درێژخایەنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە باسی عێراقی کرد و وتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆبۆوە و دووپاتی کردەوە کە پێشوازی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات بۆ ئەوەی کاروباریان لە عێراق فراوانتر بکەن."

هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دا بۆ سنووردارکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیکەکانی ئێران،"مایەی دڵخۆشی بوو گوێمان لە زەیدی بێت لە کۆشکی سپی دووپاتی بکاتەوە کە 30ی مانگی نۆ دوا مۆڵەتە بۆ میلیشیا تیرۆریستیەکانی سەربە ئێران چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن."

بلۆم جەختی کردەوە کە کاریگەری ئێران لە عێراق بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە سووریا، بلۆم وتی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەڵگرتنی گەمارۆکان دەرفەتێکی نوێ بۆ گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان درووست بووە.

لە بەشی پرسیار و وەڵامدا، سیناتۆر جین شاهین باسی لە گرنگی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە دەسەڵاتدا کردو وتی، " هاوبەشکردنی دەسەڵات لە سووریا لەگەڵ هەموو پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە زۆر گرنگە. هەندێک پێشکەوتن لە سووریا هەبووە، بەڵام ڕوونە کە هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ ئەنجامدانی."

لە دانیشتنی هەڵسەنگاندنیدا بلۆم بەڵێنیدا ئەگەر ئەنجومەنی سینات کاندیدکردنی ئەو پەسەندبکات ئەوا کار بکات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە و پەرەپێدانی هاوکاری زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG