Accessibility links

دۆناڵد ترامپ: شەڕ لەگەڵ ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی دێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران و شەڕەکە زۆر بە زوویی کۆتایی پێدێت و ڕەنگە بەم زوانەش ڕێککەوتن بۆ کرانەوەی تەنگەی هورمز بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی هەشت کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ڕێککەوتنێک کراوە بۆ دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز، دۆناڵد ترامپ وتی "نامەوێت بڵێم هەبووە، بەڵام ئێستا تا ئاستێک کراوەیە."

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە تەنگەکەمان لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، پێموایە شەڕەکە زۆر بە زوویی کۆتایی دێت، پێموانییە بتوانن زۆر زیاتر بەردەوام بن."

لەوەتەی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، سوپای پاسداران چەندین جار هەوڵی داوە بە رێگەی بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان تەنگەی هورمز دابخات. بەڵام ئەمەریکا دەڵێت ڕێگای باشووری تەنگەی هورمز کە بەناو عوماندا تێدەپەڕێت، کراوەیە و کەشتییەکان دەتوانن بەوناودا تێپەڕن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە هەندێ چەکدا چەک سنووردارن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند سوپای ئەمەریکا لە ماوەی شەڕی پێنج مانگەی لەگەڵ ئێران بەشێکی زۆر لە مووشەکی دوورمەودای خۆی بەکارهێناوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی کۆگاکانی تەقەمەنی، ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا دەستڕاگەیشتنی بە هەندێ چەک بە بێ سنوری هەیە، بەڵام دانی بەوەدانا کە لە هەندێکی دیکەدا سنووردارن.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیکردەوە "بڕێکی زۆر تەقەمەنیمان بە ئۆکرانیا داوە، بەرێوبەرایەتی بایدن بە خۆڕایی ئەو کارەی کرد، بەبێ بەرامبەر. بە سەدان ملیار دۆلار. بەڕاستی بڕێکی زۆر تەقەمەنیمان هەیە. هەندێک جۆری تەقەمەنی زۆر بەهێزن و بێسنوورمان هەیە لەو جۆرانە، بۆ ئەوانی دیکەش کەمێک سنووردارترە و ڕۆژانە بەرهەمیان دەهێنین."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کۆمپانیاکانی بەرگری ئەمەریکا کارگەی بەرهەمهێنانی زیاتر دروست دەکەن، لەوانە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی مووشەکی پاتریۆت و تۆماهۆک.

پەیامنێرێک بە سەرۆکی ئەمەریکای وت هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی زۆر پێویستی بە سیستەمی مووشەکی پاتریۆت هەیە.

سەرۆک ترامپ وەڵامی دایەوە و وتی "ئێمەش مووشەکمان دەوێت، بایدن زۆری پێبەخشیون."

This item is part of
XS
SM
MD
LG