لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی فۆکس5 لە لاس ڤێگاس دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی هۆکاری وەستاندنی هێرشەکەی سەر ئێرانی دایەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوەکردم بۆ ئەوەی بەهێزترین هێرشیان نەکەمە سەر کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ڕووی نەداوە.
سەرۆک ترامپ گوتیشی لەبەر ئەوەی خۆشم نەمدەویست خەڵک بکوژم و ئێران کاول بکەم، بۆیە دەرفەتێکی دیکەم بە دانوستاندنەکان دا.
سەرۆک ترامپ گوتی ''ئێرانییەکان ویستیان گفتوگۆ بکەین، منیش قبووڵم کرد. وا پێ دەچێت گفتوگۆکان بەباشی بەڕێوە بچن.''
هەروەها سەبارەت بە ڕژدی هێرشەکە گوتی هەر دیارە کاتێک کەسێک جدییە لە قسەکانی و کاتێک تەنیا قسەی بەتاڵ دەکرێت. ''ئێمە زۆر بە ڕژدی ئامادە بووین بۆ هێرشەکە.''
ئەمە لە کاتێکدایە هەمووان چاوەڕێن کە ڕێککەوتنێک یان لێکتێگەییشتنێک لە نێوان هەردوو وڵات ڕابگەیەندرێت. ئەگەر نا مەترسی گرژبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ئارادایە.