دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەرەوپیشچوون لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لەسەر گەرووی هورمز بەدی دەکرێت، بەڵام هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئێران پاشەکشە بکات، ئەمەریکا ڕێوشوێنی سەربازی "بەهێز" دەگرێتەبەر.
سەرۆک ترامپ درەنگانی ڕۆژی سێشەممە لە لۆس ئەنجلۆس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن" و 48 کاتژمێری داهاتوو زۆر گرینگە.
ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە پێشکەوتنێک لەسەر قەیرانەکانی گەرووی هورمز بەدی دەکرێت.
قەتەر کە یەکێکە لە نێوەندگیرییەکان، ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکان لە قۆناغێکی پێشکەوتوودان، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
ئێران ڕایگەیاندووە ڕێگە بە ئەمەریکا نادات دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووەکە بکات و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لەگەڵ عومان لەسەر ئەو پرسە لە وتووێژدایە.
ئەمەریکا ئێرانی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنێکی کاتی تۆمەتبار کرد کە لە 18ی مانگی شەش ئەنجامدرابوو، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن. ئەمەریکا هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ڕژێم، ڕادارەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی دیکە دەستپێکرد.
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکانی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندوەتەوە، بەمەرجێک کە "گەرووی هورمز بە تەواوی کراوە بێت" و هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران کۆتایی پێبێت.
ترامپ هەروەها هۆشداری داوەتە ئێران کە پاشەکشە نەکات لە دانوستانەکان.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز سەرۆک ترامپ وتی: "ئەگەر جارێکی دیکە پاشەکشە بکەنەوە، ئەوا بە توندی لێیان دەدرێت، گەرووەکە بەم زووانە دەکرێتەوە، یان زۆر بە توندی لێیان دەدرێت، و دواتر گەرووەکە دەکرێتەوە."