مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و عومان سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی کەشتییەکان کە لە تەنگەی هورموزەوە تێدەپەڕن، پێشکەوتنێک بەدەستهاتووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
ڕوبیۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی: "پێشکەوتنێک لەو گفتوگۆیانەدا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی. هیوادارین ئەوە لە ماوەیەکی کەمدا ڕووبدات."
ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە سەرۆک دوناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد واشنتن لەگەڵ ئێران لەسەر کردنەوەی تەنگەی هورموز گفتوگۆ دەکات، و گوتیشی ئەگەر ئەم قۆناغە سەرکەوتوو بێت، دواتر گفتوگۆکان هەنگاو بەرەو بابەتی بەرنامەی ناوەکی ئێران دەنێن.