سەرۆک ترامپ لە بارەی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و گوتی ''ئەو هێرشەی بڕیاری لێ درابوو گەورەترین هێرش بوو کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئەنجام درابێت.''
دۆناڵد ترامپ بە ڕۆژنامەوانانی گوت سێ وڵاتی کەنداوی عەرەبی داوایان کردووە ئەو هێرشە ڕابگیرێت و ئێرانیش جدییەتی خۆی بۆ ڕێککەوتن دەربڕیوە. ڕاستەوخۆ تەنگەی هورمز دەکرێتەوە و دانوستاندنەکان سەبارەت بە چۆنییەتی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە ئێران دەست پێ دەکەنەوە.
هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوە کرد ئێرانییەکان بەردەوام خووێکی خراپیان هەیە ئەویش ئەوەیە کە بە نهێنی داوای ڕێککەوتن دەکەن و دواتر لەسەر تەلەفزیۆن ڕەتی دەکەنەوە. بەڵام ئەگەر ئەم جارە بە تەواوی مل بۆ ڕێککەوتن نەدەن، هێزەکانی سوپای ئەمەریکا ئامادەن و هێرشەکە ئەنجام دەدەن.
شایەنی باسە ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران بە شێوەیەکی دیپلۆماسی قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکای پشتڕاست کردەوە کە لە ئێستادا لەگەڵ وڵاتی عومان کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی بارودۆخەکە لە گەرووی هورمز بەڵام ڕەتی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ دانوستاندنێکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت.