باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵگەری گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، سێی مانگی هەشت، یادی دوازدەهەمین ساڵیادی هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان لە شەنگال کردەوە و جەختی لەسەر پێویستی دادپەروەری و پشتیوانی قوربانیان و ڕزگاربووان کردەوە.
کونسوڵگەری گشتی ئەمەریکا لە هەولێر لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی "دوازدە ساڵ لەمەوبەر، گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش جینۆسایدێکیان دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجامدا. ئەمڕۆ ئێمە ئەوانەی لەدەستمان داون یاد دەکەینەوە و ڕێز لە خۆڕاگری ئەو ڕزگاربووانە دەگرین."
وتیشی "دادپەروەری بۆ ئەم تاوانانە خاوەن گرینگی زۆرە. هەروەها دڵنیابوون لە ئاسایشی بەردەوام، گەشەسەندن و پاراستنی کۆمەڵگا لاوازەکان."
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا وەرگێڕانی عەرەبی هەمان پەیامی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی بنەڕەتی ئازادی ئایینی و یارمەتیدانیان بۆ دروستکردنی داهاتوویەک کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بتوانن بە ئاسایش و کەرامەت بژین."
لە سەرەتای هەشتی 2014 دا، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی شەنگال. ئەم هێرشە بووە هۆی کوشتنی هەزاران ئێزیدی، ڕفاندن و بە کۆیلە بردنی ژنان و کچان و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵات ئەم تاوانانەیان وەک جینۆساید ناساندووە. ئەم یادکردنەوەیە لە کاتێکدا دێت کە کۆمەڵگەی ئێزیدی هێشتا ڕووبەڕووی ئاسەوارەکانی ئەو جینۆسایدە دەبێتەوە، لەوانە گەڕانەوەی ئاوارەکان، دۆزینەوەی چارەنووسی ڕفێندراوەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری.