چوار وڵاتی دراوسێی عێراق هۆشدارییان بە بەغدا داوە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە کە لەو ولاتەوە بکرێتە سەر خاکەکەیان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. دوێنێ شەممە سوریا و ئوردن هۆشدارییەکەیان گەیاندە بەرپرسانی عێراق، هاوکات سعودیە و کوەیتیش دوو ڕۆژ پێش ئێستا هۆشدارییەکەیان پێگەیاندوون.
پەیامەکانی سعودیە و ئوردن ڕاستەوخۆ بوون، بەڵام کوێت لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە هۆشدارییەکەی گەیاندووە. هەروەها بەرپرسانی سوریا ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هاوتا عێراقییەکانیانەوە کردووە. هەر چوار وڵات داوایان لە بەغدا کرد ڕێوشوێنی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە بگرێتەبەر.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی، سوریا بەغدای ئاگادارکردۆتەوە کە جموجۆڵی ئەو گروپانەی لەنزیک سنوورە هاوبەشەکانیان دەستنیشانکردووە. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە بەرپرسانی سوریا داوا دەکەن ڕێگری لەوە بکرێت لە خاکی عێراقەوە ئۆپەراسیۆنی دژی سوریا ئەنجام بدرێت و ڕێوشوێنی دەستبەجێ بگیرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی ملیشیاکان لە نزیک سنوورەکان.
بەرپرسێکی باڵای ئوردنی ڕایگەیاند عەممان پەیامێکی هاوشێوەی بە بەغدا گەیاندووە. بە وتەی ئەو بەرپرسە ئوردن زانیاری هەیە کە ئەو گرووپانە بەنیازن هێرش بکەنە سەر خاکی ئوردن و هۆشداری داوە کە ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت، وەڵامی سەربازی دەداتەوە.
ئەم هۆشدارییانە دوای ئەوە هات کە هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە پێنج مووشەکیان تێکشکاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەرەو ئەو وڵاتە ئاراستەی کردوون.
کەناڵی ئەلحۆڕە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای عێراق بڵاویکردەوە، سعوودیە و ئوردن پەیامێکیان بۆ بەغدا ناردووە کە هەر هێرشێکی نوێ لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر ئەوان بە هیرش کردنە سەر ئەو گروپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق وەڵام دەدرێتەوە. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، کوێت لە ڕێگەی کەناڵە ناڕاستەوخۆکانەوە هۆشدارییەکی هاوشێوەی گەیاندووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی سعودیەی ڕاگەیاندووە حکومەتەکەی ئامادەیە ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببێتەوە کە لە خاکی عێراقەوە سەرهەڵدەدات و داوای لە ڕیاز کردووە زانیاری لەسەر ئەو هێرشانە بداتە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لێیان بگیرێتەبەر.
بەغدا بەو وڵاتانەی وتووە "گرژییەکان کەمدەکاتەوە، چەک دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە و ئەو وڵاتانەی نیگەرانن لە بوونی گروپە چەکدارەکان دڵنیا دەکاتەوە." حکوومەتی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی هێرشی زیاتر بۆ سەر خاکەکەی، هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە تێکدەدات.
زەیدی ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنی ئەنجامدا و فەرمانی دا ڕێوشوێنی توندتر بۆ ڕێگریکردن لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاکی عێراقەوە بگیرێتە بەر.
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ناوچەکە قبوڵ ناکەن، بەڵام بەغدا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی تەواو بەسەر ملیشیا چەکدارە بەهێزەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامیدا کە لە دەرەوەی پێکهاتەی دەسەلات و حکومەت کاردەکەن.
سەرەڕای پابەندبوونە فەرمییەکانی حکومەت، ئەم گرووپانە چەندین جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ و بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمەریکا کردووە.
سعودیە هەفتەی ڕابردوو گروپەکانی بە دوو هێرشی جیاواز بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی تۆمەتبار کرد و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان بۆ سەر ئەو گرووپانە ئەنجامدا. ملیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە لانیکەم 20 ئەندامیان کوژراون و 32 کەسیشیان بریندار بوون.