Accessibility links

کوەیت دەڵێت مافی خۆیەتی "ڕێوشوێنی پێویست" دژی هێرشەکانی ئێران بگرێتە بەر

دیمەنی ئەرشیفی زیانەکانی یەکێک لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کارگەیەکی سازگارکردنی ئاو لە کوەیت.
دیمەنی ئەرشیفی زیانەکانی یەکێک لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کارگەیەکی سازگارکردنی ئاو لە کوەیت.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت ئەمڕۆ شەممە "دەستدرێژیی بەردەوامی" کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ سەر وڵاتەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند بە مافی حکومەتەکەی دەزانێت کە "ڕێوشوێنی پێویست" بگرێتە بەر بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان.

ئەم لێدوانە دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمڕۆ هات کە دامەزراوە گرنگەکانی وڵاتەکەی کردە ئامانج.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، ئەو هێرشانە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای" سەروەری کوەیت و هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتە. وەزراەتی دەرەوە هەروەها ئەو هێرشانەی بە پێشێلکردنی ڕژدی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەی 2817ـی ئەنجومەنی ئاسایش ناو بردووە.

ئەو وەزراتە هەروەها هۆشداری دا لەوەی بەردەوامی هێرشەکان "هەڵکشانێکی مەترسیدارە" و هەڵسووکەوتێکی دوژمنکارانە و سیستماتیکی ئێران نیشان دەدات "کە لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانرێت قبوڵ بکرێت."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کوەیت مافی سروشتی و ڕەوای خۆیەتی کە "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست" بگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەی و دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتیان و دانیشتووانەکەی.

هەروەها ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی بە "قێزەون" ناوبرد و ڕایگەیاند درێژکراوەی "کردە دوژمنکارانەکەی" ئێرانە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG